پوتین: لە ساڵێکدا بایی 100 ملیار دۆلار پێکوتەی دژەکۆرۆنا دەفرۆشین

پوتین: لە ساڵێکدا بایی 100 ملیار دۆلار پێکوتەی دژەکۆرۆنا دەفرۆشین


سەرۆکی رووسیا رایدەگەیەنێت، کە لە ماوەی یەک ساڵدا، بایی 100 ملیار دۆلار پێکوتەی دژەکۆرۆنا، دەفرۆشن.

ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ خاوەنکار و بازرگانانی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، پێویستە سەرمایەدارانی رووسیا بەشێوەیەکی فراوانتر بەشداریی لە بەرهەمهێنانی پێکوتەی دژەکۆرۆنا، بکەن.

ڤلادیمێر پوتین پێشبینی کردووە داهاتی پێکوتەی دژەکۆرۆنا، کە لەلایەن زاناکانی وڵاتەکەیەوە بەرهەم هاتووە، بگاتە 100 ملیار دۆلاری ساڵانە.

سەرۆکی رووسیا گەشبینیی خۆی بە بەرهەمهێنانی سێیەم پێکوتەی دژەکۆرۆنا لەلایەن زاناکانی وڵاتەکەی نیشان داوە و رایگەیاندووە، خەڵک پێویستیی بەو پێکوتەیەیە و بەرهەمهێنانیشی بازرگانییەکی باشە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە پەتایەکی جیهانی داناوە، لە کۆتایی ساڵی رابردوو (2019) لە شاری وهان لە چین سەری هەڵدا و تا ئێستا 41 ملیۆن و 466 هەزار و 518 کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی بوونە و لەو ژمارەیەشدا، یەک ملیۆن و 137 هەزار و 319 کەس گیانیان لەدەست داوە.







باسنيوز
Top