وڵاتێکی دیکەی عەرەبی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە
دوای ئیمارات و بەحرێن، وڵاتێکی دیکەی عەرەبی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە.
ئۆڤیر ئۆکینۆس، وەزیری هاریکاریی هەرێمی لە حکوومەتی ئیسرائیل، بەبێ ناوهێنانی وڵاتەکە بە میدیا ئیسرائیلییەکانی راگەیاندووە، ئەو وڵاتە عەرەبییە بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کە بڕیارە رۆژی 3-11-2020 بەڕێوە بچێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە.
پێشتر سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد، کە دوای ئیمارات و بەحرێن، سوودان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە، بەڵام ئۆڤیر ئۆکینۆس رایگەیاندووە، سێیەم وڵات دوای ئیمارات و بەحرێن، سوودان نییە.
ئێستا هەر چوار وڵاتی میسر، ئوردن، ئیمارات و بەحرێن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییە و وازیان لە دوژمنایەتیی دەیان ساڵە، هێناوە.
رۆژی سێشەممە 15-9-2020، لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا و بە چاودێریی دۆناڵد ترەمپ، عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئسرائیل، (رێککەوتنی ئاشتی) واژۆ کرد.
هەر لە هەمان رێوڕەسمدا، بنیامین نەتەنیاهۆ و عەبدوللەتیف زەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرێن، “رێککەوتنی راگەیاندنی ئاشتی”یان لەنێوان وڵاتەکانیاندا، واژۆ کرد.
پێشتر لە رۆژی 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.
دواتر لە رۆژی 12-9-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دوای ئیمارات، بەحرێن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە.
باسنيوز
