لە شەڕی قەرەباخدا ٥٢ کەسی دیکە بوونە قوربانی
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی (BBC) و بە پشتبەستن بە گوتەی بەرپرسانی ئازەربایجان، لەو هیرشانەدا کە بۆ سەر شاری گەنجە، دووەم گەورەشاری ئازەربایجان بووە، چەند مووشەکێک ئاراستەی باڵاخانەیەکی نیشتەجێبوون کراون و لە ئەنجامدا ١٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
شاری گەنجە کە دووەم گەورەشاری ئازەربایجانە و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس دانیشتووی هەیە و ٦٠ کیلۆمەتر لە قەرەباخوە کە شەڕ و ئاڵۆزی تێدای، دوورە.
لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی ئەرمینیادا، کۆماری ئازەربایجانیش هێرشی کردووەتە سەر شاری ستپاناکرت (خان کەندی) پەیتەختی هەرێمی قەرەباخ و چەند ناوچەیەکی دیکە کە قوربانیی لێی کەوتووەتەوە، بەڵام وردەکاریی زیاتر لەمبارەوە بڵاو نەکراوەتەوە.
ئەرمینیا و ئازەربایجان لە کاتێکدا لە هێرش بۆ سەر یەکتر بەردەوامن، هاوکات یەکتری بە پێشێلکردنی ئاگربەستی نێوانیان و کردنە ئامانجی هاوڵاتیانی سڤیل تۆمەتبار دەکەن.
هەر دوو وڵات یەک هەفتە پێش بە نێوبژیوانی ڕووسیا ڕێککەوتنیان بۆ ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستانی واژۆ کرد، بەڵام ئاگربەستەکەیان تەنیا یەک ڕۆژی خایاند و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دەستیان پێ کردەوە.
شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ئەرمینیا و ئازەبایجان کە لەسەر ناوچەی کیشەلەسەر قەرەباخە و لە ڕێکەوتی ٢٧ی ١٠ی٢٠٢٠وە دەستی پێ کردووە هەتا ئێستا لە هەردوو لایەن زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژراون و بە سەدان کەس بریندار بوون و خەڵکی چەندین شار و بە سەدان گوندیش لە شوێنی ژیانی خۆیان ئاوارە بوون.
باسنیوز
