پارەی یەک مانگ هاوکاریی حکومەتی ئێران مریشکێکی دوو کیلۆیی ناکات

پارەی یەک مانگ هاوکاریی حکومەتی ئێران مریشکێکی دوو کیلۆیی ناکات
خاوەنی ئەژمارێکی بانکیی ئێران، پارەی یەک مانگ هاوکاریی حکومەتی داوە بە مریشکێک کە دوو کیلۆی تەواویش نییە. نرخی مریشک لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، کیلۆی لە 19 هەزار تمەنەوە تاوەکو رۆژی هەینی گەیشتە 26 هەزار تمەن. نەک هەر مریشک، هەموو شتێک بەو شێوەیە.

ناوەندی ئاماری ئێران رێژەی هەڵاوسانی نرخی خۆراکییەکان لە دوایین مانگی هاوینی بە 26% راگەیاندووە، لەکاتێکدا فرۆشیاران دەڵێت، شتومەک هەیە رۆژانە نرخەکەی 25% بەرز دەبێتەوە.

تەنیا لە یەک مانگی رابردوودا، نرخی گۆشتی مریشک، شیرەمەنی، رۆن، برنج، میوە و پێداویستییە خۆراکییەکانی دیکە لەنێوان 30% بۆ 100% بەرزبووەتەوە. بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانیش هاوتەریبە لەگەڵ کەمبوونەوەی رێژەی کڕین. رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئەو خێزانانە زیاتر دەبن کە ناتوانن خۆراکی پێویستیان دابینبکەن. بەپێی ئاماری فەرمی، ئەمساڵ بەراوەرد بە ساڵی رابردوو، سفرەی خەڵکی ئێران 30% بچووکتر بووەتەوە.

ئەمساڵ خواردنی گۆشت لە ئێران 60% کەمتر بووە لە ساڵی رابردوو. هەروەها بەکارهێنانی شیرەمەنییەکانیش زیاتر لە 20% کەمبووەتەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە بەرزبوونەوەی نرخەکانن. نرخی پێداویستییە خۆراکییەکان هیچ ساڵێک وەکو ئەمساڵ بەرزنەبوونەتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییە خۆراکییەکان هۆکاری جیاوازی هەیە. سەرەکیترینیان، دابەزینی زیاتری بەهای تمەن، ناسەقامگیریی ئابووریی ئێران و گوشاری گەمارۆکانە. دەرەنجامەکەشی ئەوەیە کە ئاسایشی خەڵک لە بواری خۆراک مەترسیی جیددیی لەسەرە. لەوانەیە وای لێبێت، ئەو خێزانانەی کە تاوەکو ئەمساڵ ژیانێکی ئاساییان هەبوو، ناچاربن رۆژ بە رۆژ خۆراکیان کەمبکەنەوە. برسێتیش سنوورەکانی لەسەر ژیانی هەژاران زیاتر بەرتەسک دەکاتەوە.
rudaw -
Top