قەیرانی نان لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران بەردەوامە

قەیرانی نان لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران بەردەوامە
پرسی نان بۆ توێژە کەمداهاتەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان پرسی مان و نەمانە. بۆیە کەمبوونی نان یان تەنانەت هەواڵی کەمبوونی نان بۆ ئەم توێژە گاڵتە نییە، لەبەرئەوەی بەشێکی گرنگی پێویستییەکانی سفرەیان پێکدەهێنێت.

بەرپرسانی ئاستی شار و پارێزگاکان کەمیی نان رەتدەکەنەوە؛ خالید جەعفەری، جێگری پارێزگاری سنە کەمبوونی نانی لەو پارێزگایە رەتکردەوە و گوتی "تەنیا هەندێک کەس بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و قسەی ناڕاست، بوونەتە هۆی روودانی هەندێک شت".

بەڵام خەڵک شتێکی دیکە دەڵێن، بە پێچەوانەی بەرپرسانی خۆجێی، پەرلەمانتاران راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کێشەی نانیان پشتڕاست کردەوە و باسیان لە هۆکارەکانی کرد.

حوسێن رەئیسی، نوێنەری شاری میناب لە پارێزگای تەورێز، هۆکارێکی ئەوەی بۆ قاچاخی گەنم بۆ وڵاتانی دیکە گەڕاندووەتەوە، چونکە حکومەت گەنم بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕی ئازاد دەکڕێت. ئەو دەڵێت "گواستنەوەی ئاردیش بۆ نانەواخانەکان کێشەی هەیە و زۆر درەنگ بەدەستیان دەگات".

حوسێن رەئیسی، بوونی دیاردەی دەڵاڵیی لە دابەشکردنی ئارد وەکو هۆکارێکی دیکە باسکردووە. ئارد دوو نرخی جیاوازی هەیە، حکومی و ئازا. ئاردی حکومی کە بە نانەواخانەکان دەدرێت، هەرزانتر لە ئاردی بازاڕی ئازادە، ئەمەش گەندەڵیی دروستکردووە.

ئەم دوو نرخییە وایکردووە، فرۆشی پشکی ئارد زیاتر لە نان بۆ نانەواخانەکان قازانجی هەبێت، بۆ نموونە ئەو ئاردە حکومییە نانەواخانەکان بە 300%ی قازانجەوە دەیفرۆشنەوە، واتە مانگانە 10 ملیۆن تمەن قازانج.

بۆ رێگری لەوەش، رێکخراوی پیشەسازی و بازرگانیی پارێزگای خوزستان هۆشداریی بە نانەواخانەکان داوە، ئەگەر پشکی ئاردی حکومی بفرۆشن رێکاری یاسایی بەرانبەریان دەگیرێتەبەر.

خاوەن نانەواخانەکان دەشڵێن، نرخی فرۆشی نان لەگەڵ هەڵاوسانی بازاڕ ناهاوسەنگە و خەرجیی بەرهەمهێنانی بەرزبووەتەوە، بەڵام نرخی خۆی نا؛ بەڵام بەرپرسانی حکومی سوورن لەسەر ئەوەی کە ئەمە دیاردەیەکی دەستکردی کەسانێکی بەرژەوەندیخوازە.
rudaw -
Top