بڕینەوەی دەستەکانی گەنجێک ئوردنی "شۆککرد" و شای وڵاتی هێنایە دەنگ
کەناڵی عەرەبیە ئاشکرایکردووە، تاوانەکە بەرامبەر نەوجەوانێکی تەمەن 16 ساڵانی نیشتەجێی شاری زەرقا کراوە، چەند تۆمەتبارێک، گەنجەکەیان بۆ ناوچەیەکی نادیار رفاندووە و دواتر یەکێک لە تۆمەتبارەکان، هەردوو دەستی گەنجەکەی بڕیوەتەوە و زیانێکی یەکجار زۆری بە چاوی گەیاندووە کە ئەگەری هەیە "کوێر"ی کردبێت.
زەرقا یەکێکە لە شارە گەورەکانی ئوردن، دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شانشینی ئوردنەوە، ساڵی 2015 ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زیاتر لە 570 هەزار کەسبووە و بە پایتەختی پیشەسازیی ئوردن ناودەبرێت.
سەرچاوەکانی ئوردن هۆکاری تاوانەکە بۆ تۆڵەی کێشەی کۆمەڵایەتی و خوێنڕشتنی پێشوو دەگەڕێننەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی عەرەبییە ئاشکرای کردوون، تۆمەتبارە سەرەکییەکەی رووداوەکە، پێشتر خاڵی بە دەستی باوکی ئەو کوڕە کوژراوە، کە رفاندوویەتی و ئەشکەنجەی داوە. لە تۆڵەی ئەو کوشتنەدا، ئەو تۆمەتبارە، گەنجەکەی رفاندووە و هەردوو دەستی بڕیوەتەوە.
شا و شاژنی وڵات بەدەنگهاتن
رووداوەکە و گەورەیی تاوانەکە، شای ئوردن و شاژنی وڵاتەکە و تەنانەت رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشی بەدەنگهێناوە و لەنێو سۆشیاڵمیدیای ئەو وڵاتەدا، هاوسۆزییەکی زۆر بۆ قوربانییەکە دەردەبڕدرێت، بەتایبەت کە تاوانلێکراوەکە، هیچ پەیوەندییەکی بەو کوشتنەوە نییە کە دەگوترێ باوکی پێشتر ئەنجامیداوە.
تۆمەتبارەکە دوای ئەوەی دەستەکانی گەنجەکەی بڕیوەتەوە، هەردوو دەستە بڕدراوەکەی خستووەتە نێو کیسێکەوە و فڕێیداوەتە ناو گۆماوەکانی ئەو ناوچەیەی تاوانەکەی تێدا ئەنجامداوە، ئێستا ئەو لە میدیای ئوردنیدا بە "خوێنڕێژەکەی زەرقا" ناودەبرێت.
شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن فەرمانی لێکۆڵینەوەی پێویست و چارەسەرکردنی گەنجە دەستبڕاوەکەی بە دەزگە بەرپرسەکان داوە، لەگەڵ دەستگیرکردن و لێپرسینەوەی تۆمەتبارەکان.
شا عەبدوڵڵا فەرمانی بە دەزگە پەیوەندیدارەکان داوە، گەنجەکە بۆ چارەسەرکردن بۆ بەشی چارەسەری شاهانەی نەخۆشخانەی عەممانی پایتەختی ئوردن بگوازنەوە.
شاژنە رانیا (هاوژینی شا عەبدوڵڵا)، لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی دەستووری ئوردنی، تاوانەکەی بە "قێزەون" ناوبردووە، ئەو بەگەنجەکە دەڵێ "دڵمان لەگەڵتدایە، تۆ کوڕی هەموو ماڵباتێکی ئوردنیت، من نازانم چۆن پارچە بڕاوەکانی جەستەت بۆ بگێڕینەوە، یان برینەکانی خۆت و دایکت ساڕێژ بکەین، من دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوانەی داوای سزادانی هەرە تووندی تاوانبارەکان دەکەن".
یونیسێف شۆک بووە
سەرۆکوەزیرانی ئوردن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دڵنیاییدایە دانیشتووانی وڵاتەکەی لەوەی، تاوانەکە بەبێ سزای تووندی تاوانبارەکان تێناپەڕێت.
هاوکات تانیا شابویزات، نوێنەری رێکخراوی یونیسێف لە ئوردن، لە بڵاوکراوەیەکدا سەرکۆنەی تووندی تاوانەکەی کرد. رایگەیاندووە، "هەست بە شۆک و خەمێکی زۆر دەکەین بەرامبەر ئەو تاوانەی لە دژی منداڵێکی تەمەن 16 ساڵان کراوە لە زەرقا".
شابویزات ئەوەشی گوتووە، تووندوتیژی دژی منداڵان لەژێر هەموو بیانوویەکدا و بەهەموو شێوەیەک رێگەپێنەدراوە. تاوانکردن بەرامبەر منداڵانیشی بە "پەتایەکی مەترسیداری" هاوشێوەی کۆڤید 19 ناوبردووە.
بەرپرسە نێودەوڵەتییەکە ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە کە رێکخراوەکەی لەگەڵ هەموو کۆمەڵگە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا کاردەکات، بۆ لەناوبردنی تووندوتیژیی دژی منداڵان.
ئەو تۆمەتبارەی 170 جار چووەتە بەردەم دادگا
پۆلیسی ئوردن لە دوای رووداوەکە بە کاتێکی کەم، دوو تۆمەتباری بەشداربووی تاوانەکەی دەستگیرکرد. زانیارییەکانی ئەو تۆمەتبارانە، وەک پۆلیس ئاشکرایکردووە، ئەوانی گەیاندووەتە "تاوانباری سەرەکی"ـی رووداوەکە.
رۆژنامەی دەستووری ئەو وڵاتە دواتر دەستگیرکردنی "تۆمەتباری سەرەکیی" تاوانەکە و پێنج بەشداربووی دیکەی تاوانەکەی راگەیاند، ئاشکراشیکرد هێشتا ژمارەیەک کەسی دیکەی تێوەگلا و لەلایەن دەزگە ئەمنییەکانەوە بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەیان دەکرێت.
چالاکڤانانی سۆشیاڵمیدیای ئوردنی، چەندین هاشتاگیان بۆ پشتگیری گەنجەکە و لێپرسینەوەی تۆمەتبارەکان دروستکردووە و ریتویتی یەکجار زۆر بۆ ئەو هاشتاگانە کراوە. یەکێک لە هاشتاگەکان داوای لەسێدارەدانی بکەرانی تاوانەکە دەکات.
ئەوەی زیاتر کۆمەڵگەی ئوردنی دووچاری شۆککردووە، ئەوەیە کە دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و ئاشکرابوونی ئەنجامدەری سەرەکیی تاوانەکە، ئاشکرابووە "ئەنجامدەری سەرەکی"ی تاوانەکە پێشتر 170 جار بە تۆمەتی جیاواز براوەتە بەردەم دادگە، ئەمە بەبێخەمی و کەمتەرخەمییەکی گەورەی دەسەڵاتداران ناونرا و بە هۆکاری سەرەکی دانرا بۆ ئەو ئاستەی تۆمەتبارەکە پێیگەیشتووە، لە کردنی تاوانەکانی.
دوای ئاشکرابوونی ئەو زانیارییانە، بەرپرسە ئوردنییەکان وازیان لە بێدەنگی هێنا و راستییەکانیان ئاشکراکرد.
سەرچاوەیەکی ئاسایشی گشتیی ئوردن، 170 جار دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکەی دووپاتکردەوە، ئاشکرایکرد بەپێی تۆمارەکانی بەردەستی ئەوان، "تاوانبارەکە" هەر 170 جارەکە پەلکێشی بەردەم دادگە کراوە ئەوەش بە تۆمەتی کردنی تاوانی جیاواز، بەڵام "دەسەڵاتدارانی یاسایی و دادوەرەکان، بەپێی یاسا هەمووجارێک ئازادیان کردووە".
گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی گشتیی ئوردن، پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە راگەیاند، ئاماژەی بە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان کرد. ئەو لە بڵاوکراوەیەکەدا لەسەر رووداوەکە، دووپاتیکردەوە، دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان، دۆسێی رووداوەکە ئاراستەی دادگای ئاسایشی دەوڵەت دەکرێت نەک دادگای تاوان، ئەمەش هەنگاوێکی ریزپەڕە بۆ سزادانی تاوانبارەکان، بەتایبەت کە دادگای ئاسایشی گشتی وڵات، تەنیا لێکۆڵینەوە و سزا بۆ تۆمەتبارانی کاری مەترسیداری وەک تیرۆریستی دەردەکات.
رووداوەکە چۆن روویدا؟
گەنجە دەستبڕاوەکە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەسەر سۆشیاڵمیدیا بە دەستبڕاوی دەرکەوت و تاوانەکەی گێڕایەوە، ئەو ئاشکرایکرد تاوانبارەکان چۆن رفاندوویانە و چییان بەرامبەری کردووە. ئەمە سەرەتای سەرهەڵدانی چیرۆکەکە بوو کە کۆمەڵگەی ئوردنی دووچاری شۆککرد.
ئاسایشی گشتیی ئوردن، دواتر هۆشداری بە چالاکڤانان و دانیشتووانی وڵاتەکەدا، بەوەی سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی ئەو گرتەیە رابگرن.
گەنجە دەستبڕاوەکە، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئاشکرایکردووە، لە کاتێکدا ئەو بە رێگەوە بووە بۆ کڕینی نان، 10 کەس پەلاماریانداوە و بۆ ناوچەیەکی دوورەدەستی چۆڵیان بردووە لە رۆژئاوای شاری زەرقا و لەوێ دەستەکانیان بڕیووەتەوە.
هاوکات رۆژنامەی ئەلغەد ـی ئوردنی، ژمارەی تاوانکارەکانی بە دوانزە کەس ناساندووە.
گەنجەکە گوتویەتی کاتێک سواری ئەو تۆتۆمبێلەیان کردم کە پێیانبوو، دەستبەجێ گوتیان "دەمت بکەیتەوە.. دەتکوژین". دواتر کەسێکی دیکە سواری هەمان ئۆتۆمبێل بوو و بەکەرەستەیەکی "تیژ" دەستیکرد بە لێدانم.
گەنجەکە ئاشکرایکردووە هەوڵی هەڵهاتنی لە دەستی تاوانکارەکان داوە، بەڵام رفێنەرەکان زۆربوون و دەستگیریان کردووە و بردوویانەتە ناو ماڵێکەوە و لەوێ دەستەکانیان بڕیوەتەوە. لە کاتێکدا ئەم هەر هاواری خوای کردووە و پاڕاوەتەوە.
بەپێی ئەوەی گەنجەکە رایگەیاندووە، ئەوان هەردوو دەستیان خستووەتە سەر مێزێک و بە تەور بڕیویانەتەوە، پاشئەوەی چەندجارێک بە تەور لە دەستەکانیان داوە، دواتر سووژنێکیان بەچاویدا کردووە و پاشان لێیانداوە و ئازاری زۆری جەستەییان داوە.
دەزگەی ئاسایشی دەوڵەت لە ئوردن، وردەکارییەکانی قسەی گەنجەکەی لەبارەی تاوانەکەوە دووپاتکردووەتەوە، رایگەیاندووە لەسەرەتاوە گەنجەکە براوەتە نەخۆشخانەی زەرقا، بۆ چارەسەرکردن.
بریندارییەکی یەکجار زۆر
دکتۆر مەبرووک سریحین، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی زەرقای حکومی گوتویەتی ئێستا دۆخی تەندروستیی گەنجەکە جێگیرە، بەڵام جەستەی شوێن برینی یەکجار زۆری پێوەیە، وێڕای ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانی نییە.
سریحین زیاتر روونیکردووەتەوە کە گەنجەکە، برینی زۆر لە شوێنی بڕینەوەی دەستەکانیدا دروستبوون و پێناچێت بتوانرێت دەستەکانی جارێکی دیکە بە جەستەیەوە بنووسێنرێتەوە، چونکە دەمار و ماسوولکەکانی زیانی ئێجگار زۆریان پێگەیشتووە. بە تایبەت کە دوای بڕینەوەیان، "دەستەکانی بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو کیسەیەکدا و لە ئاوی پیسدا ماونەتەوە و شێواون".
دکتۆرەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، چاوی راستی گەنجەکە زیانی یەکجار زۆری پێگەیشتووە، بەڵام برینی چاوی چەپی روواڵەکییە و دەکرێ چارەسەر بکرێت. بەپێی قسەی ئەو دکتۆرە، تاوەکو ساتی مانەوەی لە نەخۆشخانە حکومییەکە، چوار نەشتەرگەری بۆ گەنجەکە کراوە، دوو نەشتەرگەری بۆ چاوەکانی و دوو نەشتەرگەری بۆ دەستەکانی. ئەو گوتویەتی پێویستی بە نەشتەرگەری دیکە هەیە تا لە ژیان بەردەوام بێت.
rudaw -
