دۆناڵد ترەمپ: 12ی مانگ لەگەڵ كیم جۆن ئون كۆدەبمەوە

دۆناڵد ترەمپ: 12ی مانگ لەگەڵ كیم جۆن ئون كۆدەبمەوە
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بڕیارەكەی پـێشووی پاشگەزبووەوە و رایگەیاند، گەڕاوەتەوە بۆ سەر ئەو بەرنامەیەی پـێشتر دانرابوو بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ كیم جۆنگ ئون، سەرۆكی كۆریای باكور لە 12 ی ئەم مانگەدا لە وڵاتی سینگاپـور.

دوای نیوەڕۆی دوێنێ هەینی گەورە كیم یۆنگ چۆل، بەرپـرسەكەی كۆریای باكور، جێگری سەرۆكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی كرێكارانی كۆریای باكور، كە بە دەستە ڕاستی سەرۆكی كۆریای باكور ناودەبرێت، گەیشتە كۆشكی سپـی و لە لایەن جۆن كێڵی، گەورە فەرمانبەری كۆشكی سپی پـێشوازی لێكرا و بەرەو هۆڵی ئۆڤاڵی كۆبوونەوەكان برا و لەوێ لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە پـێشوازی لێكرا.

دوای كۆبوونەوەیەكی 90 خولەكی، دۆناڵد ترەمپ لە چیمەنی كۆشكی سپی بۆ ڕۆژنامەوانانی راگەیاند، كە ئەو بەرنامەیەی پـێشتر دانرابوو بۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكور و لە 16 ی مانگی پـێنج لێی پاشگەزبووەوە، ئێستا گەڕاوەتەوە سەری و لە كات و شوێنی خۆی ئەنجام دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، كۆریای باكور نیازی هەیە دەستبەرداری چەكی ئەتۆمی ببێت وە پـێشبینی كرد دانوستاندنەكان ئەنجامیان هەبێت.

لەوەڵامی پـرسیاری ڕۆژنامەنوساندا لەبارەی ئەوەی ئایا باسیان لە مافەكانی مرۆڤ كردووە لەكۆبوونەوەكەدا ترەمپ وتی، "نەخێر"، هەروەها رەتیكردەوە لە میانەی وتووێژەكاندا سزای نوێ بەسەر كۆریای باكوردا بسەپێنێت.

ترەمپ وتیشی، "هەتا لە وتووێژ و دانوستاندابین پـێویست بە سەپاندنی سزای دیكە ناكات"، بەڵام جەختی كردەوە لەوەی ئەمەریكا دەتوانێت بە سەدان سزای دیكە بەسەر كۆریای باكوردا بسەپـێنێت ئەگەر هەوڵەكان بە ئەنجام نەگەن.

دواتر ترەمپ لەگەڵ كیم یۆنگ چۆل لە چیمەنی كۆشكی سپی پـێكەوە وێنەیان گرت بە ئامادەبوونی مایك پەمپـیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، دواتر تا نزیك ئۆتۆمبێلەكە ماڵئاوایی لەم كاربەدەستە باڵایەی كۆریای باكور كرد.







خەندان
Top