لە وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان تەقینەوەیەکی خۆکوژی ڕووی دا

 لە وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان تەقینەوەیەکی خۆکوژی ڕووی دا
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئەفغانستان، چەند هێرشبەرێک لە کابول هێرشیان کردووەتە سەر بینای نوێی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە و شەڕ و پێکدادان لە نیوان هێزە ئەمنییەکان و هێرشبەراندا ڕووی داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی میدیایی (بی‌بی‌سی) لە هێرشێکی دیکەی خۆکوژیدا بۆ سەر بینای پۆلیس لە ناوەندی شاری لۆگر، سەرجەم 9 کەس کوژراون و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.

بە گوتەی مارتین ئۆدنل، گوتەبێژی هێزە ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان، لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی هەفتەی رابردوو بۆ سەر کۆبوونەوەی فەرماندەکانی تاڵیبان لە ویلایەتی (هیلمەند)، تاڵیبان زەربەری قورسیان پێ کەوتووە و زیاتر لە 50 کەسیان کوژراون.

نەجیب دانش، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان بو میدیاکانی ڕاگەیاندووە، سەرەتا تەقینەوەیەک ڕووی داوە و پاشان هێرشبەران دوای تەقینەوە خۆکوژییەکە نزیک دەرگای بینای نوێی وەزارەتی ناوخۆ بوونەتەوە و شەڕ و پێکدادان ڕووی داوە.

بینای نوێی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لەسەر دادەی سەرەکیی فڕۆکەخانەی کابول و لە ڕۆژهەڵاتی ئەو شارە هەڵکەوتووە کە بەمدوایانە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دروست کراوە و بۆ چوونە ناو دەبێ، چەند بازگەیەک ببڕیت.

ماوەی چوار ڕۆژ بوو لە شارەکانی ئەفغانستان شەڕ و ئاڵۆزی و تەقینەوە ڕووی نەداوە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بەهۆی زۆربوونی تەقینەوەکان، پرسی ئاسایشی ئەو وڵاتە بووەتەوە بە یەکێک لە پرسە ئاڵۆزەکانی ئەو وڵاتە، چونکە ئەو وڵاتە لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکان دایە و ئەمەش بووەتە گرفتی سەرەکی.










باسنيوز
Top