وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەوروپا گەرەنتی بدات لە رێككەوتنی ئەتۆمی دەمێنینەوە
زەریف لەوتەیەكیدا لە كۆمەڵی ئەندامانی فراكسیۆنی دیپلۆماسی و بەرژەوەندیی نیشتمانی لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی وڵاتەكەی رایگەیاند، "رۆژێك كە ئەو دانوستانانەمان دەستپێكرد، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پاڵپشتی لێدەكرد و ئەمڕۆ سەرەڕای دەرچوونی ئەمەریكا تەنیا سێ وڵاتی عەرەبیی پەراوێزی كەنداوی فارس و ڕژیمی زایۆنی دژی ئەو ڕێككەوتنەن".
ئاماژەی بەوەشكرد، "بە بڕوای من ستراتژییە نوێیەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان كە لە دژی ئێران لە وتەكانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاماژەیان پێدرا، تەریك كەوتنەوەی زیاتری بۆ واشنتۆنی بە دواوە دەبێت، هەروەها مەرجە راگەیەندراوەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ناژیرانە بوو".
زەریف جەختی لەوەكردەوە، "سەرەڕای پاڵپشتی بەربڵاوی وڵاتانی جیهانی لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێمە دەزانین پاڵپشتیی هەندێك لەو وڵاتانە بە مانای پاڵپشتی لە ئێمە نییە، بەڵكوو بە هۆی دژایەتیان لە گەڵ پێشێل كارانی رێككەوتن گەلی نێودەوڵەتییە".
18ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیاریدا وڵاتەكەی لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بكشێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەشێكی دیكە لە لێدوانەكانیدا لەبارەی پرسی متمانە یان نامتمانەیی لە دانوستان لەگەڵ وڵاتاندا وتی، "ئێمە متمانەمان بە گەلی خۆمان هەیە و هەر ئەو متمانەشە كە هێزمان پێ دەبەخشێت، لە دانوستان گەلێكی لەو چەشنە، زۆر دژوارە كە بتوانین بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەمان دابین بكەین".
زەریف رونیشیكردەوە، "ئەگەر ئەوروپا لە رێككەوتنی ئەتۆمی مایەوە و پاڵپشتیی لێ كرد، بۆ بەرژەوەندیی خۆیەتی و ئێرانیش لە ئەگەری دابینكردنی بەرژەوەندییەكانی و وەرگرتنی گەرەتی پێویست لە رێككەوتنەكە دەمێنێتەوە".
لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا، ئێران ڕازی بووە بەسنورداركردنی پڕۆگرامییە ئەتۆمیەكەی لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا ئابووریەكانی ڕۆژئاوا لەسەر ئەو ووڵاتە. ساڵی 2016 سزا ئابووریەكان لەسەر ئێران هەڵگیران.
خەندان
