سێیەم وڵاتی جیهان ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل دەناسێنێت
رۆژی دووشەممە 21/5/2018، بە ئامادەبوونی هۆراسیۆ کارتیس، سەرۆکی پاراگوای و بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، باڵیۆزخانەی پاراگوای لە شاری ئۆرشەلیم کرایەوە.
باڵیۆزخانەی پاراگوای لە تەل ئەڤیڤ بوو و ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی (مالیحە) لە ئۆرشەلیم کرایەوە، کە داننانی راستەوخۆی ئەو وڵاتەیە بەوەی ئۆرشەلیم پایتەختی ئیسرائیلە.
گواتیمالا وڵاتێکی کیشوەری ئەمریکای باشوور و کەوتووەتە ناوەراستی ئەو کیشوەرە.
ئێوارەی رۆژی 6/12/2017، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم دەرکرد و لە بڕیارەکەدا شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و رۆژی دووشەممە 14/5/2018، بە ئامادەبوونی ئیڤانکا ترەمپ، کچ و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، باڵیۆزخانەکە گوازرایەوە.
هەروەها رۆژی چوارشەممە 16/5/2018، بە ئامادەبوونی جیمی مۆرالیسی سەرۆکی گواتیمالا و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، باڵیۆزخانەی گواتیمالا لە کۆمەڵگەیەکی ئیداری لە ئۆرشەلیم کرایەوە.
ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا بووە هۆی ناڕەزایی توندی وڵاتانی عەرەبی و رایانگەیاند، کە ئۆرشەلیم پایتەختی فەلەستینە نەک ئیسرائیل.
ئیسرائیل وڵاتێکی جوولەکەنشینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسە. لە ساڵی 1948 دامەزراوە و بە وڵاتانی لوبنان لە باکوور، سووریا، ئوردن و ئیدارەی فەلەستین لە رۆژهەڵات و میسر لە باشوور، دەورە دراوە.
وڵاتانی عەرەبی پێیان وایە ئیسرائیل لەسەر خاکی فەلەستین دامەزراوە و بە یەکێک لە دوژمنە سەرەکییەکانی خۆیانی هەژمار دەکەن.
باسنيوز
