چەند تەقینەوەیەک لە بنکەیەکی سەربازیی ئێران روویان دا
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، تەقینەوەکان درەنگانی شەوی یەکشەممە 20/5/2018 لە قوتابخانەی ئاسایش لە نەجها لە گوندەوارەکانی دیمەشق لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق روویان داوە.
ئەو قوتابخانەیە، کە کەوتووەتە باشووری دیمەشق، لەلایەن هێز و میلیشیا ئێرانییەکان وەک بارەگایەکی سەرکردایەتیی شەڕی ئەلیکترۆنی بەکار دەهێندرێت.
تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی رژێمی سووریا و ئێران ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و هیچ زانیارییەکیش لەبارەی هۆکار و ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بڵاو نەکراوەتەوە.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئێران بە ناردنی چەک و میلیشیای چەکداری، هاوکاریی رژێمی سووریا دژی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
