قەدەری ھەدەپە بۆ بەربەستی ھەڵبژاردن لە دەستی جەھەپە دایە
ئاکپارتی و مەھەپە داوایان لە جەھەپە کرد، تا ھاوکارییان بکات بەوەی پارێزبەندی لەسەر ئەندام پەرلەمانەکانی ھەدەپە ھەڵبگیرێت و دادگاییان بکەن، چونکە بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی، پێویستیان بە ٢ لەسەر ٣ی دەنگی پەرلەمانتاران ھەبوو. جەھەپە ئەندام پەرلەمانەکانی خۆی ئازاد کرد بەوەی بە (بەڵێ) دەنگ دەدەن بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی یاخود بە (نەخێر)، ئەنجام زۆربەی ئەندام پەرلەمانەکان بە (بەڵێ) دەنگیان دا و سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، ھاوسەرۆکانی پێشووی ھەدەپە و ٩ ئەندام پەرلەمانی تر خرانە زیندانەوە.
ئاکپارتی لە میدیاکانی خۆیەوە، ھەدەپەی وەک پارتێکی (تیرۆرست) ناساندووە، بۆیە ھەر پارتێکی تورکیا دەستی بخاتە ناو دەست بە خائینی ناو دەبات، بەڵام لەبری ئەوەی جەھەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسۆنی تورکیایە ھەوڵ بدات بۆ گیڕانەوەی ناسنامەی ھەدەپە و پشتگیریی بکات وەکوو پارتێکی ئۆپۆزسیۆن، کەچی بەنھێنی ئەویش لەگەڵ داڕماندنی ھەدەپەدا بووە.
ئاکپارتی و مەھەپە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا ھاوپەیمانییەکیان بە ناوی (کۆماری) پێکھێناوە، لە بەرامبەردا (جەھەپە، پارتی سەعادەت، پارتی باش، پارتی دیموکرات) بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھاوپەیمانییەکیان بە ناوی (میللەت) پێکھێناوە، ھیچ یەکێک لەو پارتانە ئامادە نەبوون ھەدەپە بخەنە ناو ھاوپەیمانیی خۆیانەوە.
پارتی سەعادەت، پارتی باش، پارتی دیموکرات، ناتوانن بەربەستی ھەڵبژاردن بشکێنن و وەکوو پارت ناتوانن بچنە پەرلەمانەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی لەگەڵ جەھەپەدا ھاوپەیمانییان دروست کردووە، بۆیە ئەگەر جەھەپە بەربەست بشکێنێت، ئەوانیش وەکوو جەھەپە بەربەستیان بۆ نامێنێت و وەکوو پارت دەچنە پەرلەمانەوە. مەھەپەش بە ھەمان شێوە ناتوانێت بەربەست بشکێنێت، بەڵام بەھۆی ئاکپارتییەوە دەتوانێت وەکوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە.
لێرەدا ھەدەپە بێ کەسی ماوەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان پیلانێک ھەیە تا ھەدەپە بخەنە دەرەوەی پەرلەمانەوە، بەڵام خستنە دەرەوەی ھەدەپە زیانی زۆر بە ئۆپۆزسیۆن دەگەیەنێت و سوودی بۆ ئاکپارتی و مەھەپە دەبێت.
ئەگەر بێت و ھەدەپە ٩%ی دەنگەکان بھێنێت کە ٦٠ بۆ ٧٠ کورسیی پەرلەمانییە، بەھۆی ئەوەی نەیتوانیوە بەربەستی ھەڵبژاردن بشکێنێت کە ١٠%ی دەنگەکانە، ئەو ٦٠ بۆ ٧٠ کورسییە بۆ پارتی دەسەڵات دەڕوات کە ئاکپارتییە، لێرەدا ئاکپارتی بەھۆی دەنگەکانی ھەدەپەوە لەناو پەرلەمان دەبێتە زۆرینە.
پەروین بوڵدان، ھاوسەرۆکی ھەدەپە، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (جومھوریەت)ـی تورکی، پێی وایە پێویستە ئۆپۆزسیۆن بە خۆیدا بچێتەوە و بزانێت ئەگەر ھەدەپە نەچێتە پەرلەمانەوە کێ زیانی بەردەکەوێت و کێ سوودی بەردەکەوێت.
دەنگۆیەک ھەیە کە لە میدیاکانی تورکیا قسەی زۆری لەبارەوە دەکرێت، جەھەپە دەیەوێت بەشێک لە دەنگەکانی خۆی بەنھێنی بۆ ھەدەپە بێت، تا ئەو پارتە وەکوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە، چونکە نەچوونی ھەدەپە بۆ پەرلەمان زیانێکی گەورە لە جەھەپە دەدات.
ھەدەپە ھەموو ھەوڵێک دەدات تا بتوانێت بەربەستی ھەڵبژاردن بشکێنێت، ئاکپارتی و مەھەپەش ھەموو ھەوڵێک دەدەن تا ھەدەپە بەربەست نەشکێنێت، پلانی جەھەپەش لەوبارەیەوە نادیارە و لە لایەک دەیەوێت دڵی کوردەکان رازی بکات تا لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەنگی پێ بدەن، لە لایەکی تریش دەیەوێت دڵی نەژادپەرستەکان رازی بکات.
ئەگەر قەدەری کورسیی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەدەست ھەدەپەدا بێت، شکاندنی بەربەستی ھەڵبژاردنیش لەلایەن ھەدەپەوە لە دەستی جەھەپەدایە.
باسنيوز
