ئێران ١٠٠ هەزار دۆلار لە بەرامبەر تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەکەی ئەمریکا دەدات
ئەو ھەواڵ کە لە زۆرێک لە ماڵپەڕ و میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە، لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دەنگداندەیەکی زۆری ھەبووە.
بەپێی ھەمان سەرچاوە، ئەو ڕێکخراوە خوێندکارییە کە ڕێکخراوێکی خوێندکاریی ئێرانییە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠١٨/٥/١٥ بە ناردنی نامەیەک بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران، داوای کردووە و نووسیویەتی: "دەبێ وەڵام بداتەوە بۆچی ھەتا ئێستا لە بەرانبەر خوێنی شەھیدانی ئەم دواییەدا و بەتایبەت، داگیرکردنی کەرتی غەزە و گواستنەوەی نایاسایی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ ئۆرشەلیم، ھیچ ھەڵوێست و کارێکی نەکردووە".
ھاوکات لەگەڵ ئەو نامەیە، پۆستەرێک بڵاو کراوەتەوە کە وێڕای ناو و لۆگۆێ ڕێکخراوە خوێندکارییەکی ئێران و دەستنیشانکردنی خەڵات و بڕی پارەکە، بە سێ زمانی فارسی، عەرەبی و ئینگلیزی، داوا کراوە ھەر کەسێک بتوانێ بینای باڵیۆزخانەی ئێران لە ئۆرشەلیمی ئیسرائیل بتەقێنێتەوە، ١٠٠ ھەزار دۆلار خەڵاتی پێ دەدرێت.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کە ئەمریکا بڕیاری گواتسنەوەی باڵیۆزخانەی خۆی لە تەلئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم داوە، کاردانەوی زۆری نێودەوڵەتیی لێ کەوتووەتەوە و یەک لەو وڵاتانە ئێران بوو کە بە توندی ئیدانەی کرد و ھانی فەلەستینییەکان و ڕێکخراوەکانی فەتح و حەماس و حزبوڵای دەدا کە بەرەنگاری ئەمریکا و ئیسرائیل ببنەوە و ڕێگە نەدەن ئەو کارە جێبەجێ بکرێت.
دوێنێ دووشەممە ھاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کردنەوەی باڵیۆخانەی نوێی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم لە کەرتی غەزە، فەلەستینییەکان دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی کرد کە لە ئەنجامدا گرژی و ئاڵۆزی لێ کەوتەوە کە بووە ھۆی کوژرانی ٥٩ کەس و زیاتر لە دوو ھەزار و ٧٠٠ کەسیش بریندار بوون.
باسنيوز
