سەرۆکی قاعیدە: بەشێک لە وڵاتە ئیسلامییەکان پەیوەندیی نهێنییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە

سەرۆکی قاعیدە: بەشێک لە وڵاتە ئیسلامییەکان پەیوەندیی نهێنییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە
سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە رایدەگەیەنێت، کە بەشێک لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان پەیوەندیی نهێنییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.



ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی قاعیدە لە تۆمارێکی دەنگیدا هەڕەشەی لە ئەمریکا (بە دوژمنی ژمارە یەکی هەژمار کردووە) کردووە و رایگەیاندووە، تا هێزە ئەمریکییەکان لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی نەچێتە دەرەوە، ”ئەمریکا ئارامی بەخۆیەوە نابینێت“.



ئەیمەن زەواهیری لە تۆمارە دەنگییەکەدا، کە هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ شاری ئۆرشەلیم (قودس) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە سیاسەتی رازیکردنی ئەمریکا لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی ”فەلەستینییەکانی سەرشۆڕ کردووە“.



سەرۆکی قاعیدە ئاشکرای کردووە، کە ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی پەیوەندیی ئاشکرا و نهێنییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و بەوە رازی بوون، کە ئۆرشەلیم و تەل ئەڤیڤ پایتەختی ئیسرائیل بێت، ئەگەرچی ”هەردوو شار خاکی ئیسلامین“.



بڕیارە رۆژی دووشەممە 14/5/2018 لە یادی 70 ساڵەی دروستبوونی ئیسرائیل، ئەمریکا باڵیۆزخانەی خۆی لە تەل ئەڤیڤەوە بگوازێتەوە ئۆرشەلیم، وەک ئاماژەیەک بە داننان بەوەی، ئەو شارە پایتەختی ئیسرائیلە.



ئێوارەی رۆژی 6/12/2017، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم دەرکرد و لە بڕیارەکەدا شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند.



ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا بووە هۆی ناڕەزایی توندی وڵاتانی عەرەبی و رایانگەیاند، کە ئۆرشەلیم پایتەختی فەلەستینە نەک ئیسرائیل.



ئیسرائیل وڵاتێکی جوولەکەنشینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسە. لە ساڵی 1948 دامەزراوە و بە وڵاتانی لوبنان لە باکوور، سووریا، ئوردن و ئیدارەی فەلەستین لە رۆژهەڵات و میسر لە باشوور، دەورە دراوە.



وڵاتانی عەرەبی پێیان وایە ئیسرائیل لەسەر خاکی فەلەستین دامەزراوە و بە یەکێک لە دوژمنە سەرەکییەکانی خۆیانی هەژمار دەکەن.




باسنیوز
Top