لە مۆسکۆ ئاهەنگی رۆژی سەرکەوتنی رووسیا بەڕێوەچوو

 لە مۆسکۆ ئاهەنگی رۆژی سەرکەوتنی رووسیا بەڕێوەچوو
ئەمساڵیش رووسیا لە بەرزترین ئاستدا بەسەر پەرشتی ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ئەو وڵاتە، یادی جەژنی سەرکەوتنی لە جەنگی جیهانی دووەمدا بەسەر نازییەکاندا کردەوە، بۆ یەکەمین جاریش بەرپرسێکی باڵای کورد بەشداریکرد کە ئەویش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو.

وەک هەمیشە دیارتریین چالاکی ئەو یادکردنەوەیە، نمایشی سەربازیی سوپای رووسیایە کە ئەمساڵ بە بەشداری 12 هەزار و 500 سەرباز و 100 فڕۆکە و تانک و چەکی پێشکەتووی جۆراو جۆر نمایشەکە ئەنجامدرا.

پیاوێک 93 ساڵە و بەشداربووە لەو سەرکەوتنەی رووسیا، ئێستاش بە تەندروستییەکی باشەوە ژیان دەکات.

پاڤێل فەمیچ، بەشداربووی جەنگی جیهانیی دووەم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە 500 کەس بووین لە شەڕێکدا لە 15تانک پێنج تانکی فاشیستەکانم تەقاندەوە، ئەو هاوکارانەش کە لەگەڵ من بوون 10تانکەکەی دیکەیان تەقاندەوە، ئیدی دوای ئەوە توانیمان زۆر شوێن رزگار بکەین، دواتریش رۆیشتن بۆ ئۆکرانیا و بیلارووسیا لەوێش رۆڵمان هەبوو لە ئازدکردنی ئەو دوو وڵاتەدا لەدەست نازییەکان، ئیدی لەکۆتاییدا رۆیشتین دەستمان گرت بەسەر بەرلیندا".

کەم کەس دەرفەتیان بۆ دەرەخسێت ساڵانە رێوڕەسمی یادکردنەوە لە گۆڕەپانی سوور بە شێوەی زیندوو ببینن، ئەوە یەکێکە لە ئاواتی هەر تاکێکی رووس کە بەهیوایە رۆژێک لە رۆژان بیبینێت.

ئەلیسا ،هاووڵاتی رووس، دەڵێت :"من هەردوو باپیرەم ئەوکاتە لە شەڕدا بوون لە فەرەنسا بوون، یەکێک لەوان بەدەستی نازییەکان خرابووە بەندیخانە، دەزانی ناکرێت بگوترێت ئەو جەژنە هی گەنجەکانە، بەپێچەوانەوە ئەوە مێژووی هەموومانە و ئێمەی گەنج هەموومان ئەو مێژووە دەزانین ئەوە مێژوویەکی پڕ پاڵەوانێتییە سەرکەوتنمان بەدەست هێنا بەهۆی قوربانیدانی باپیرانمان".

سروودی کاتیۆشا، یەکێکە لە سیمبولەکانی جەژنی سەرکەوتنی رووسیا، هەموو ساڵێک ئەو سروودە لە چەندین شوێنی جیاواز لەشەقام و شوێنە گشتییەکانی رووسیا دەگوترێتەوە، بەدەم گوێگرتن لەو سروودەوە کەسوکاری قوربانیانی جەنگی جیهانی دووەم وێنەی قوربانییەکانیان بەرزدەکەنەوە و بەشەقامەکاندا رێدەکەن.
rudaw -
Top