بڕیارەکەی ترەمپ دژی ئێران نرخی نەوتی بەرز کردەوە

 بڕیارەکەی ترەمپ دژی ئێران نرخی نەوتی بەرز کردەوە
بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران نرخی نەوتی جیهانی بەرز کردووەتەوە و گەیاندوویەتییە ئاستێکی پێوانەیی.



شەوی سێشەممە 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک کشایەوە و رایگەیاند، سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.



بەهۆی ئەو بڕیارەوە، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ جیهان دەبێت، نرخی نەوت گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، کە لە سێ ساڵی رابردوودا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.



بەپێی هەواڵی میدیا ئابوورییەکانی جیهان، نرخی جیهانیی نەوتی خاو گەیشتووەتە 75 دۆلار و 76 سەنت.



شیکەروەکانی سەنتەری RBC Capotal markets پێشبینییان کردووە هەناردەی نەوتی ئێران رۆژانە 200 تا 300 هەزار بەرمیل کەم ببێتەوە.



رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنەکە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.



وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.




باسنیوز
Top