ترەمپ شەوی چوارشەممە بڕیار لەسەر ڕێککەتنی ئەتۆمیی ئێران دەدات
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا لە دوایین تویتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویە: "بەیانی کاتژمێر ۲ی نیوەڕۆ بە کاتی ئەمریکا (10ی شەو بە کاتی تاران) سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەل ئێران بڕیار دەدم".
پێشتر بڕیار بوو ڕێکەوتی 2018/5/12 دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کۆتایی لەبارەی مانەوە یان هاتنە دەرەوە لە ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران بدات، بەڵام ئەم بڕیارە لەناکاوە کاردانەوەی هەندێ لایەن و وڵاتی لێ کەوتووەتەوە.
ڕۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) لەزاری بەرپرسانی نزیک لە ترەمپەوە نووسیویە: "سەرکۆماری ئەمریکا بەتەمای کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانە". ئەمە لە حاڵێک دایە وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا، فەرەنسا لە کۆنفڕانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا گوتیان جەخت لەسەر مانەوە لەو ڕێککەوتنەدا دەکەینەوە و هەموو هەوڵی خۆیان بۆ مانەوەی ئەم ڕێککەوتنە دەدەن.
هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا گوتی: هیچ هۆکارێک بۆ کشانەوە لە بەرجام لە ئارادا نییە و هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن ئەم ڕێککەوتنە بمێنێتەوە.
هاوکات ژان ئیۆ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "بێ ئەوەی گوێ بە بڕیاری ئەمریکا بدەین لەم ڕێککەوتنە دەمێنینەوە، ئەم ڕێککەوتنە نەبوونی بۆمبی ناوکی گەرەنتی دەکات و فەرەنسا لەسەر مانەوەیەتی".
پێشتر باڵیۆزی بەریتانیاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕای گەیاندبوو دەکرێت بە چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ترەمپ، هەوڵ بدەین ئەمریکا لەم ڕێککەوتنەدا بمێنێتەوە.
باسنیوز
