وه‌زیرێكى ئیسرائیلى واده‌ى كوشتنى ئه‌سه‌د ئاشكرا ده‌كات
یۆفال شتاینتز، وه‌زیری وزه‌ى ئیسرائیلی، كه هاوكات ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى ئه‌منییه، به ڕۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیلی ڕاگه‌یاندووه: "تائێستاش ئیسرائیل ده‌ستى وه‌رنه‌داوه‌ته شه‌ڕی نێوخۆیی سووریا، به‌ڵام گه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د، ڕێگه به‌ئێران بدات له‌ناو خاكى وڵاته‌كه‌یه‌وه هێرش بكرێته سه‌ر ته‌ل ئه‌بیب، ئه‌وه به‌كوشتنى خۆى و له‌ناوچوونى حكوومه‌ته‌كه‌ى كۆتایی پێدێت".
وه‌ك ڕۆژنامه‌ى "هائارتس"ى ئیسرائیلی بلاویكردووه‌ته‌وه، حكوومه‌ته‌كه‌ى بنیامین نه‌تانیاهۆ، به‌دوورى نازانێت له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئێران له‌ناو خاكى سووریاوه هێرش بكاته سه‌ر ئیسرائیل، به‌تایبه‌ت كه پێش مانگێك فڕۆكه‌كانى ته‌ل ئه‌بیب هێرشیان كرده سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى (تیفۆر) له سووریا و ژماره‌یه‌ك ڕاوێژكارى ئێرانیان كوشت.
وه‌زیره‌كه گوتیشی: "ئه‌گه‌ر ئه‌سه‌د ڕێگه‌ى دا به ئێران، سووریا بكاته بنكه‌ى سه‌ربازیی، ئه‌وه ده‌بێت بزانێت كۆتایی خۆى هاتووه، چونكه ناكرێت ئه‌و له كۆشكه‌كه‌ى دابنیشێت و ڕژێمه‌كه‌ى له‌سه‌ر حسابى ئیسرائیل دروست بكاته‌وه".
باسنيوز
