کۆریای باکوور هۆشداریی دەداتە ئەمریکا
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە، دەبێ ئەمریکا دەستەواژەکانی گوشارخستنە سەر کۆریای باکوور و ئەو دەستەواژانەی باسی هەڕەشەی سەربازی لە کۆریای باکوور دەکەن، رابگرێت.
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور ئامۆژگاریی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و ئەو وڵاتەی کردووە، کە لێدوانە توندەکان دژی کۆریای باکوور رابگرن و ئەگەر دەیانەوێ ئاشتی بەرقەرار بێ، ”نابێ ئێمە توڕە بکەن“.
لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور جەختی لەوە کردووەتەوە، کە راگرتنی بەرنامە ناوکییەکان و تێکشکاندنی بنکەیەکی چەکی ناوکی بە گوشاری ئەمریکا نەبووە وەک بەرپرسانی واشنتن دەیڵێن، بەڵکو بۆ دروستکردنی کەشێک بووە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی.
بڕیارە لەم مانگەدا، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپ کۆ ببنەوە و تا ئێستا شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە، هێندە نەبێ کە کۆبوونەوەکە لە مانگی 5ـی 2018 بەڕێوە دەچێت.
باسنیوز
