رژێمی ئەسەد دەست بەسەر زۆرینەی خاکی سووریادا دەگرێتەوە
لە راگەیەندراوێکدا، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، پێش یەکەم کۆبوونەوەی ئاستانە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە سووریا، رژێمی سووریا تەنیا %19.3ـی خاکی وڵاتەکەی لەژێر دەستدا بوو.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا هەروەها رایگەیاندووە، کە ئێستا %60ـی خاکی سووریا لەژێر دەسەڵاتی رژێمدایە، کە بەشار ئەسەد سەرۆکایەتی دەکات.
رێژەی هەژموونی لایەنە جیاوازەکان پێش کۆبوونەوەکانی ئاستانە (هەروەک روانگەی سووری رایگەیاندووە):
- %39.1ـی خاکی سووریا لەژێر داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا بوو.
- %22.1ـی خاکی سووریا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوو.
- %19.3ـی خاکی سووریا لەژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریادا بوو.
- %19.2ـی خاکی سووریا لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستی بەسەردا گیرابوو.
یەکەم کۆنگرەی ئاستانە لە 23و 24/1/2017 لە شاری ئاستانەی پایتەختی کازاخستان بە چاودێریی وڵاتانی رووسیا و تورکیا بۆ وەدیهێنانی ئاشتی لە سووریا، لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی ئەو وڵاتەدا، بەڕێوە چوو.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنیوز
