لە بۆردومانەکەی سووریا 10 چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون
بەهۆی بۆردومانکردنی ژمارەیەک بنکەی سەربازیی رژێمی سووریا، 10 چەکداری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کوژراون.
شەوی یەکشەممە 29/4/2018، بنکە سەربازییەکانی رژێمی سووریا لە هەردوو پارێزگای حەما و حەلەب ، کە میلیشیا ئێرانییەکان بەشێک لەو بنکانەیان بەکار دەهێنا، بە مووشەک بۆردومان کراون.
بەشێک لە میدیا عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، کە چەکدارانی حەشدی شەعبیش لەو بنکە سەربازییانەی رژێمی سووریا جێگیر کرابوون و بەهۆی بۆردومانەکەوە، کە تا ئێستا سەرچاوەکەی بە فەرمی دیاری نەکراوە، 10 چەکداری ئەو میلیشیا عێراقییانە کوژراون.
سەرچاوەکانی رژێمی سووریا باس لەوە دەکەن، کە بە نۆ مووشەک ئەو بنکە سەربازییانە لە بنکە سەربازییە ئەمریکی و بەریتانییەکانەوە، بۆردومان کراون.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، میلیشیا شیعەمەزهەبەکانی عێراق بە بیانووی پاراستنی مەزارە ئایینییەکانی شیعە، هاوکاریی رژێمی سووریا لە دژی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکەن.
هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناردنی هاوکاریی سەربازی و میلیشیا چەکدارییەکان، هاوکاریی رژێمی سووریا لە دژی گرووپە چەکدارییە ئۆپۆزیسیۆنەکان، دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
