ژمارەیەک بنکەی سەربازیی رژێمی سووریا بۆردومان کران

 ژمارەیەک بنکەی سەربازیی رژێمی سووریا بۆردومان کران
ژمارەیەک بنکەی سەربازیی رژێمی سووریا لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە بۆردومان کران.



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (سانا)ی فەرمیی رژێمی سووریا، شەوی یەکشەممە 29/4/2018 بنکە سەربازییەکان لە هەردوو پارێزگای حەما و حەلەب بە مووشەک بۆردومان کراون.



رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، کە دوو لەو بنکە سەربازییە بۆردومانکراوانە سەرباز و میلیشیا ئێرانییەکانیان تێدا بووە.



تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە بۆردومانکردنی ئەو بنکە سەربازییانە رانەگەیاندووە.



کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، بە ناردنی هاوکاریی سەربازی و میلیشیا چەکدارییەکان، هاوکاریی رژێمی سووریا لە دژی گرووپە چەکدارییە ئۆپۆزیسیۆنەکان، دەکات.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.



باسنیوز
Top