ترەمپ و نەتانیاهۆ لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا پرسی ئێرانیان تاتوێ کرد

 ترەمپ و نەتانیاهۆ لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا پرسی ئێرانیان تاتوێ کرد
کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکوەزیری ئیسرائیل، لەبارەی چالاکییە ناسەقامگیرەکانی ئێران لە ڕۆژئاوای ئاسیا، گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیان ئەنجام داوە.



ئەو گفتوگۆ تەلەفۆنیەی دۆناڵ ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ لە کاتێکدا کراوە کە مایک پەمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە یەکەم سەفەری خۆیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا لە ئیسرائیلە و دوێنێ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵات کۆ بووەتەوە.



بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپی، ترەمپ و نەتانیاهۆ لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییەدا لەبارەی هەڕەشە، مەترسی و ئەو گرفتانەی کە ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە و بەتایبەت ئەو پرسەی کە پەیوەندییان بە چالاکییە مەترسیدارەکانی ئێرانەوە هەیە، بیروڕایان گۆڕیوەتەوە.



لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا ئەمە سێیەمین جارە کە ڕێبەرانی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە گفتوگۆی تەلەفۆنی ئەنجام دەدەن. پێشتریش کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە ترەمپ و نەتانیاهۆ جەختیان لەسەر "هاوکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارە تێکدرانە و ناسەقامگیرەکانی ئێران لە ناوچە" دەکەنەوە.



ئیسرائیل بە بەردەوامی لەبارەی پێگەی ئێران لە ناوچە و بەتایبەت سووریا و عێراق و یەمەن و لوبنان هۆشداریی داوە و هەموو کات بەڵێنیی ئەوەی داوە کە پێش بە ئێران دەگرێت و نا‌ێڵی لەناو خاکی سووریا بنکەی سەربازیی هەمیشەیی دابنێت و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار بنکە سەربازییەکانی ئێران، حزبوڵا و سووریا لەناو خاکی سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج.





باسنیوز
Top