کۆشکی شین: کیم جۆنگ ئون بەڵێنێک بە جیهان دەدات
لە بەیاننامەیەکدا، کە رۆژی یەکشەممە 29/4/2018 بڵاو کراوەتەوە، کۆشکی شین رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی کیم جۆنگ ئون و مون جای ئین، سەرۆکانی کۆریای باکوور و باشوور، ئەو بەڵێنە دراوە.
هەروەک میدیاکانی کۆریای باشوور گواستوویانەتەوە، کیم جۆنگ ئون لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، لە مانگی 5ـی 2018، وڵاتەکەی سەکۆی تاقیکردنەوە ناوکییەکانی بە بەرچاوی هەموو جیهان و مرۆڤایەتی، تێک دەدات.
سەرۆکی کۆریای باکوور هەروەها رایگەیاندبوو، کە لە بری تاقیکردنەوە مووشەکی و ناوکییەکاندا، ئیدی هەوڵی گەشەپێدانی ئابووریی و ئاشتیی وڵاتەکەی دەدات.
رۆژی هەینی 27/4/2018،، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ناو خاکی کۆریای باشوور و لەلایەن مون جای ئینی سەرۆکی کۆریای باشوور پێشوازی لێ کرا.
کیم جۆنگ ئون و مون جای ئین رێککەوتن لەسەر کۆتایی هێنان بە شەڕ و ناکۆکییەکانیان، کە لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا، هەردوو بەشی باکوور و باشووری نیمچەدوورگەی کۆریا، بوونە دوو وڵاتی جیاواز.
بەهۆی دابەشبوونی هەردوو بەشی کۆریا بەسەر بلۆکی رۆژهەڵاتی (رووسیای کۆمۆنیستی) و رۆژئاوا (ئەوروپا و ئەمریکای سەرمایەداری)، شەڕێکی گەورە لە ساڵی 1950-1953 لەنێوان هەردوو بەشی کۆریا دروست بوو و لە ئەنجامدا بوونە دوو وڵاتی سەربەخۆ.
باسنيوز
