ماکرۆن: دەبێ لەبارەی پرسی ناوکیی ئێران ڕێککەوتنێکی نوێ بکرێت

 ماکرۆن: دەبێ لەبارەی پرسی ناوکیی ئێران ڕێککەوتنێکی نوێ بکرێت
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەرەنسا کە سەردانی واشنتۆنی کردووە، لە دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا ڕای گەیاندووە دەبێ لەبارەی پرسی ناوکیی ئێران ڕێککەوتنێکی نوێ ئەنجام بدەین.



سەرکۆماری فەرەنسا لە کۆنفراسنێکی ڕۆژنامەنووسیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ڕای گەیاندووە: "دژی هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی ئێرانە، بەڵام خوازیاری ڕێککەوتنێکی نوێین کە هەموو نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە".



ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوەش کردووە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ترەمپ گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ونێ لەگەڵ ئێران، دەرەفەت هەیە.



سەرکۆماری فەرەنسا ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "ئێمە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، زۆر بە ڕاشکاوانە لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران (بەرجام) گفتوگۆمان کرد، هەرچەند سەرکۆماری ئەمریکا وەک ڕێککەوتنێکی خراپ ناودێر دەکات، منیش چەند مانگێکە بەردەوام دەیڵێم کە ئەم ڕێککەوتنە تەواو نییە و ئەم پرسە ئەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی کە دەبێ هەتا ساڵی 2025 چالاکییە ناوکییەکانی ئێران کۆنترۆڵ بکەین".



لە درێژەدا گوتی: "من خوازیاری ڕێککەوتنێکی نوێم کە چوار تەوەر لەخۆ بگرێت: یەکەم هەموو چالاکییەکی ئەتۆمی هەتا ساڵی 2015 پێشی پێ بگیرێت. دووەم: دڵنیابوون لە چالاکییەکانی ئێران کەلە درێژماوەدا چالاکیی ئەتۆمیی نەبێت. سێیەم: گرنگترین پرس، ڕاگرتنی چالاکییەکانی مووشەکی بالستیکی ئێران لە ناوچەکەیە. چوارەم: ڕەخساندنی زەمینە و بەستێنێکە بۆ گرتنەبەری ڕێگەچارەیەک – ڕێگەچارەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئێران لە ناوچە – واتە لە وڵاتانی یەمەن، سووریا، عێراق و لوبنان.




باسنیوز
Top