هۆشداریی لە ”تەڵە“ی کیم جۆنگ ئون دەدرێتە ترەمپ
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (واشنتن پۆست)، راوێژکارانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ”نیگەرانن“ و پێیان وایە کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور ”بەڵێنی سادە و ساکار“ی لەبارەی لەناوبردنی سیستەمی ناوکیی وڵاتەکەی، داوە.
ئەو کەسە نزیکانەی دۆناڵد ترەمپ پێیان وایە کیم جۆنگ ئون لە لەناوبردنی سیستەمی ناوکی و راگرتنی تاقیکردنەوەی چەکە ناوکی و بالیستییەکان راست ناکات و بەشێوەیەک لەناویان نابات، کە دەرفەتی چاکردنەوەیان نەمێنێ و ئەمەش ”تەڵە“یەکە و جۆنگ ئون دایناوە.
پێشتر لە 21/4/2018، کیم جۆنگ ئون رایگەیاند، کە وڵاتەکەی چیتر پێویستیی بە تاقیکردنەوەی چەکی ناوکی نەماوە و ”بە زووترین کات تاقیکردنەوە ناوکییەکان رادەگرین و سەکۆیەکی تاقیکردنەوە ناوکییەکانیش لە باکووری وڵات، دەڕووخێنین“.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی 5ـی 2018، دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون کۆ ببنەوە و تاوتوێی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان وڵاتەکانیان بکەن، کە گرنگترینیان، بەردەوامبوونی کۆریای باکوورە لە پەرەپێدان بە چەکە کیمیاوی و ناوکییەکانی.
باسنیووز
