ئەمریکا یەک ملیۆن دۆلار دەکاتە خەڵات بۆ دۆزینەوەی رۆژنامەنووسێک

 ئەمریکا یەک ملیۆن دۆلار دەکاتە خەڵات بۆ دۆزینەوەی رۆژنامەنووسێک
نووسینگەی لێکۆڵینەوە فیدڕالییەکانی ئەمریکا (ئێف بی ئای)، بڕی یەک ملیۆن دۆلار دەکاتە خەڵات بۆ دۆزینەوەی رۆژنامەنووسێک.



ئێف بی ئای رایگەیاندووە، ئەو خەڵاتە بۆ هەر کەسێکە، کە زانیاریی لەبارەی شوێنی ئۆستن تایس، رۆژنامەنووسی ئەمریکی بدات و زانیارییەکە ببێتە هۆی دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی بۆ وڵاتەکەی.



ئۆستن تایس، کە بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی رۆژنامەوانی لەبارەی رەوشی سووریا سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو، لە رۆژی 14/8/2012 لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا رفێندراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسییەوە نییە.



تایس، کە لە ساڵی 1981 لەدایک بووە، وەک رۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ لەگەڵ رۆژنامەکانی مەکڵاچی نیوز و واشنتن پۆست، کەناڵەکانی سی بی ئێس و بی بی سی و ئاژانسەکانی فرانس پرێس و ئەسۆشێیتد پرێس کاری کردووە.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.





باسنیوز
Top