ئێران: ئامادەین چالاکییە ناوکییەکان دەست پێ بکەینەوە

 ئێران: ئامادەین چالاکییە ناوکییەکان دەست پێ بکەینەوە
محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی داوە لە ئەگەری هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی و گرتنەبەری گەمارۆکان، ئێران ئمادەیە چالاکییە ناوکییەکانی دەست پێ بکاتەوە.



وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا لەگەڵ کەناڵی (سی‌بی‌سی)ی ئەمریکا ڕای گەیاندووە: "ئێران لەم دۆخەدا چەندین ڕێکاری ئامادە کردووە، کە یەک لەوانە دەستپێکردنەوەی چالاکییە کە بە خێراییەکی زۆرتر لە جاران درێژەی دەدەین".



دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری ئەمریکا کە وادەیەکی دەستنیشان کردووە کە دەبێ هەم ئەمریکا و هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات، ترەمپ کە ڕەخنەگری سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنەیە، دەڵێت ئەگەر گۆرانکاریی تێدا نەکرێت، دە ڕۆژی دیکە بە یەکجاریی لێی دەکشێتەوە.



لە بەرانبەریشدا ئێران هۆشداریی داوە کە هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی، دەرەنجامی خراپ و کارەساتباری بەدواوە دەبێت.



مەحەمەدجەواد زەریف لە وەڵامی ئەگەری هاتنە دەرەەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی، باسی لە چەند ڕێکارێکی ئێران کردووە: "ئامادەی جێبەجێکردن و دەستپێکردنەوەی چالاکییە ناوکییەکانین و ئێستا لە دەرفەتێکی لەبار داین و بێگومان لەمبارەوە بڕیاری گونجار دەردەکەین".



وەزیری دەرەوەی ئێران بە (سی‌بی‌سی) گوتووە: "دنیا ناتوانێ داوای ئەوەمان لێ بکات بە شێوەی یەکلایەنە پابەندی ڕێککەوتنێک بین کە پێشێڵ کراوە".



ئەم قسانەی زەریف لە کاتێک دان کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پابەندی ڕێککەوتنی ناوکی نەبووە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار مووشەکی تاقی کردووەتەوە کە پێچەوانەی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و چەند بڕگەیەکی ڕێککەوتنی ناوکی (بەرجەم)ە.




باسنیوز
Top