فەرەنسا: دیسان لە رژێمی سووریا دەدەینەوە
یان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا مەترسیی خۆی لەوە نیشان دا، کە ئەگەر رژێمی سووریا چەکی کیمیاوی لە شاری ئیدلیب لە دژی هاووڵاتییان و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بەکار بهێنێت.
یان ئیڤ لۆدریان بەکارهێنانەوە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی سووریا بە ”هێڵی سوور“ ناوبردووە و رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لە ئەگەری بەزاندنی ئەو هێڵە سوورە، ”جارێکی دیکە بنکە و بارەگاکانی رژێمی سووریا بۆردومان دەکەینەوە“.
بەرەبەیانی رۆژی 14/4/2018، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا بە 100 تا 120 مووشەکی تۆماهۆک، سێ بنکەی پەیوەندیدار بە چەکی کیمیاویی رژێمی سووریایان بۆردومان کرد.
ئەو بۆردومانە دوای هەواڵی کیمیابارانکردنی شاری دوما دێت لەلایەن رژێمی سووریاوە، کە زیاتر لە 150 کەس بەهۆیەوە گیانیان ەدەست دا و زیاتر لە هەزار کەسی دیکە، بریندار بوون.
دەنگۆی کیمیابارانکردنی دوما دوای ئەوە دێت، کە چەکدارانی گرووپی توندڕەوی (جەیشول ئیسلام)ی ئۆپۆزیسیۆن، بە چەند مووشەکێک لە دوماوە گەڕەکەکانی باکووری رۆژهەڵاتی دیمەشقیان تۆپباران کرد، کە بەهۆی ئەو تۆپبارانەوە، نزیکەی 40 کەس کوژران و بریندار بوون.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام رژێمی سووریا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و کۆکوژ لە دژی هاووڵاتییان، تۆمەتبار دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
