تاڵیبان دەست بەسەر شارۆچکەیەکی ئەفغانیدا دەگرێت
پۆلیسی ئەفغانی رایگەیاندووە، سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 12/4/2018، چەکدارانی تاڵیبان لە هێرشەکەیاندا بۆ شارۆچکەی خواجە عومەری لەنزیک شاری غەزنیی پایتەختی هەرێمی غەزنیدا، 15 کەسیان کوشتووە، کە یەکێکیان عەلی دۆس شەمسی حاکمی ناوچەکەیە.
شارۆچکەی خواجە عومەری، کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای کابووڵ و سەر بە هەرێمی غەزنییە، بە یەکێک لە ئارامترین ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا دادەنرا.
پۆلیسی ئەفغانستان ئاماژەی بەوە کردووە، کە کوژراوەکان، جگە لە حاکمی ناوچەکە، دوو پاسەوانی حاکمەکە، حەوت پۆلیس و پێنج کارمەندی هەواڵگریی سەربازیی ئەفغانی بوون. بەڵام تاڵیبان رایگەیاندووە، دەستیان بەسەر شارۆچکەکەدا گرتووە و 20 بەرپرس و کارمەندی حکوومەتیشیان کوشتووە.
تاڵیبانی ئەفغانستان رێکخراوێکی ئیسلامیی تیرۆریستییە و هاوپەیمانی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەیە.
باسنيوز
