فڕۆکە مەدەنییەکان لە ئاسمانی سووریا دوور دەکەونەوە

 فڕۆکە مەدەنییەکان لە ئاسمانی سووریا دوور دەکەونەوە
لەگەڵ زیادبوونی ئەگەرەکانی لێدان لە رژێمی سووریا، فڕۆکە مەدەنییە جیهانییەکان لە ئاسمانی سووریا دوور دەکەونەوە.



سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 11/4/2018، رێکخراوی ئەوروپی بۆ سەلامەتیی ئاسمانی هۆشداریی دا کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان و رایگەیاند، لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوودا، لە گەشتکردن بەسەر ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وریا بن.



ئەو رێکخراوە ئەوروپییە ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە ئەگەر هەیە لەو ماوەیەدا هێرشی ئاسمانی بکرێتە سەر رژێمی سووریا، بەمەش مەترسیی لەسەر گەشتە مەدەنییەکان لەو ناوچەیە، دروست دەبێت.



هەروەک لە ماڵپەڕی ترافیکی ئاسمانیی جیهانیدا دیارە، لە سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممەوە بە دەگمەن فڕۆکەی مەدەنی بەسەر ئاسمانی سووریادا دەفڕێت، ئەمەش نزیکبوونەوەی وادەی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ سەر رژێمی سووریا دەردەخات.



جگە لە چۆڵیی ئاسمانی سووریا لە فڕۆکە مەدەنییەکان، ئاسمانی ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق، باشووری تورکیا و رۆژهەڵاتی ئوردنیش، کە چواردەوری سووریایان داوە، بە دەگمەن فڕۆکەی لێ دەبیندرێت.



سەرچاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باس لەوە دەکەن، کە لە ئێوارەی رۆژی شەممە 7/4/2018دا، رژێمی سووریا چەکی کیمیاوی لە دژی هاووڵاتییانی دوما بەکارهێناوە و زیاتر لە 150 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە هەزار کسی دی بریندار بوون، بەڵام رژێمی سووریا رەتی دەکاتەوە.



دەنگۆی کیمیابارانکردنی دوما دوای ئەوە دێت، کە چەکدارانی گرووپی توندڕەوی (جەیشول ئیسلام)ی ئۆپۆزیسیۆن، بە چەند مووشەکێک لە دوماوە گەڕەکەکانی باکووری رۆژهەڵاتی دیمەشقیان تۆپباران کرد، کە بەهۆی ئەو تۆپبارانەوە، نزیکەی 40 کەس کوژران و بریندار بوون.



لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام رژێمی سووریا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و کۆکوژ لە دژی هاووڵاتییان، تۆمەتبار دەکات.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە





باسنیووز
Top