ئەگەری هێرشکردنە سەر سووریا گەیشتە ڕادەی ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی
لە ھۆشدارییەکەدا، رێکخراوی ئەوروپی بۆ سەلامەتیی ئاسمانی ئاگاداری کۆمپانیا فڕۆکەوانییە جیھانییەکانی کردووەتەوە، کە لە گەشتکردن بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ”زیاتر ئاگادار بن“.
رێکخراوەکە ھەروەھا رایگەیاندووە، ئەگەر ھەیە لەماوەی ٧٢ کاتژمێردا ھێرشی ئاسمانی بکرێتە سەر رژێمی سووریا.
ئەو ئاگادارکردنەوەیە لە ئەگەری ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر رژێمی سووریا دوای ئەوە دێت، کە پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بیر لە ئەگەرەکانی وەڵامدانەوەی توندی رژێمی سووریا دەکەنەوە، دوای ئەوەی رژێمی سووریا چەکی کیمیاوی لە شاری دوما لە دژی ھاووڵاتییان بەکارھێنا.
شەوی سێشەممە ١٠/٤/٢٠١٨، ئەمریکا پرۆژە بڕیارێکی پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، کە تێیدا باسی سزادانی ئەو لایەنە کرابوو، کە دەردەکەوێ چەکی کیمیاوی بەکار ھێناوە، بەڵام رووسیا بڕیارەکەی ڤیتۆ کرد و رەتی کردەوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، رووسیا پرۆژە بڕیارێکی پێشکەش کرد بۆ رەوانەکردنی پسپۆڕانی نێودەوڵەتی بۆ دوما بۆ لێکۆڵینەوە لە کیمیابارانکردنەکە، بەڵام ئەمریکا پرۆژە بڕیارەکەی رەتکردەوە و ڤیتۆی کرد.
ئەنجومەنی ئاسایش لە پێنج ئەندامی ھەمیشەیی (ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین و رووسیا) و ١٠ وڵاتی ناھەمیشەیی (بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبنە ئەندامی ئەنجومەن)، پێک دێت. پێنج ئەندامە ھەمیشەییەکە مافی رەتکردنەوەی بڕیارەکان (ڤیتۆکردن)یان ھەیە، لەکاتێکدا ئەگەر ھەر ١٤ ئەندامەکەی دیکە لەگەڵ بڕیارەکە بێت.
سەرچاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باس لەوە دەکەن، کە لە ئێوارەی رۆژی شەممە ٧/٤/٢٠١٨دا، رژێمی سووریا چەکی کیمیاوی لە دژی ھاووڵاتییانی دوما بەکارھێناوە و زیاتر لە ١٥٠ کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ھەزار کسی دی بریندار بوون، بەڵام رژێمی سووریا رەتی دەکاتەوە.
دەنگۆی کیمیابارانکردنی دوما دوای ئەوە دێت، کە چەکدارانی گرووپی توندڕەوی (جەیشول ئیسلام)ی ئۆپۆزیسیۆن، بە چەند مووشەکێک لە دوماوە گەڕەکەکانی باکووری رۆژھەڵاتی دیمەشقیان تۆپباران کرد، کە بەھۆی ئەو تۆپبارانەوە، نزیکەی ٤٠ کەس کوژران و بریندار بوون.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام رژێمی سووریا بە بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی و کۆکوژ لە دژی ھاووڵاتییان، تۆمەتبار دەکات.
لە مانگی ئاداری ٢٠١١ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
