کچی سیخوڕە رووسەکە دەگوازرێتەوە شوێنێکی پاێزراو
بەپێی هەواڵێکی BBC، کە رۆژی سێشەممە 10/4/2018، بڵاو کراوەتەوە، دوای وەرگرتنی چارەسەریی پێویست و چاکبوونەوەی، یولیا سکریپاڵ لە نەخۆشخانە دەرچووە و بارودۆخی تەندروستیی باش بووە.
تا ئێستا رۆژی دەرچوونی یولیا لە نەخۆشخانە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەو دەزگا هەواڵییە بەریتانییە ئاماژەی بەوە کردووە، کە یولیا گوازراوەتەوە شوێنێکی پارێزراو.
رۆژی 4/3/2018، لاشەی سێرگی سکریپاڵ و کچەکەی بەبێ هۆشی لە شەقامێکی شاری سالیزبوری لە باشووری بەریتانیا دۆزرایەوە. حکوومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، کە ئەو بە گازێکی کیمیاوی هێرشی کراوەتە سەر. بەپێی دوایین زانیاریش، تا ئێستا لە حاڵەتی بێ هۆشی دایە.
بەکارهێنانی گازی کیمیاوی لە دژی سێرگی و یولیای کچی، بە یەکەم بەکارهێنانی ئەو چەکە لە کیشوەری ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، دادەندرێت.
ئەو رووداوە بووەتە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا لەگەڵ رووسیا، کە تا ئێستا رووسیا و ئەو وڵاتانە دەیان باڵیۆز و دیپلۆماتکاری یەکتریان دەرکردووە.
سێرگی سکریپاڵ ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی رووسیا بوو. کاری بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا دەکرد و دواتر ئاشکرا بوو و دەستگیر کرا. لە ساڵی 2010 لە میانەی گۆڕینەوەی سیخوڕە دەستگیرکراوەکان، ئازاد کرا و نێردرایە بەریتانیا.
باسنيوز
