ئێران بەرەیەکی شەڕ لە سووریا دژی ئەمریکا دەکاتەوە
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (ئەلعالەم)ی سەر بە حکوومەتی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، کە هۆزی بەکارەی حوسەینی و لیوای باقر بڕیاریان داوە لە ناوچەکانی پارێزگاکانی حەلەب، دێرەزوور و حەما لە هێزە ئەمریکییەکان بدەن.
چەکدارانی هۆزی بەکارەی حوسەینی و لیوای باقر راستەوخۆ سەر بە ”بەرەی بەرگریی ئیسلامی“ن، کە ئێران سەرپەرشتیی ئەو بەرە دەکات و چەند گرووپ و میلیشیایەکی لەخۆ دەگرێت.
لە بەیاننامەیەکدا، لیوای باقر رایگەیاندووە، دەست بە شەڕ لە دژی هێزە ئەمریکییەکان و ”هەموو ئەوانەی هاوکارییان دەکەن“، دەکەن و هۆشداریشی داوەتە هاووڵاتییان لەوەی لە بنکە و هێزە ئەمریکییەکان دوور بکەونەوە.
لیوای باقر لە چەکدارانی هۆزی بەکارەی حوسەینی پێکهاتوون، کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە پشتگیریی خۆیان بۆ رژێمی سووریا پێک هێناوە و ئێران پاڵپشتیی سەربازییان دەکات و پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی، هەیە.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
