فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی سووریا بۆردومان دەکرێت
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (سانا)ی فەرمیی رژێمی سووریا، فڕۆکەخانەی تەیفور لە پارێزگای حمس لە سووریا، بە مووشەک بۆردومان کراوە.
ئەو ئاژانسە بەبێ ئاماژەکردن بەوەی ئەو مووشەکانە لە زەمینەوە یان لە ئاسمانەوە ئاراستەی فڕۆکەخانەکە کراون، رایگەیاندووە، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سووریا هەشت مووشەکیان لە ئاسمانەوە خستووەتە خوارەوە.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، کە تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لێ رانەگەیاندووە، ژمارەیەک کوژراو و بریندار لە فڕۆکەخانەکە هەن، بەڵام تا ئێستا هیچ ژمارەیەک ئاشکرا نەکراوە.
دوای کیمیابارانکردنی شاری دوما لە گوندەوارەکانی دیمەشق، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا ”ئاژەڵە“ و ”باجێکەی گەورە“ی ئەو کیمیابارانکردنە دەدات.
سەرچاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باس لەوە دەکەن، کە لە ئێوارەی رۆژی شەممە 7/4/2018دا، رژێمی سووریا چەکی کیمیاوی لە دژی هاووڵاتییانی دوما بەکارهێناوە و زیاتر لە 150 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە هەزار کسی دی بریندار بوون، بەڵام رژێمی سووریا رەتی دەکاتەوە.
دەنگۆی کیمیابارانکردنی دوما دوای ئەوە دێت، کە چەکدارانی گرووپی توندڕەوی (جەیشول ئیسلام)ی ئۆپۆزیسیۆن، بە چەند مووشەکێک لە دوماوە گەڕەکەکانی باکووری رۆژهەڵاتی دیمەشقیان تۆپباران کرد، کە بەهۆی ئەو تۆپبارانەوە، نزیکەی 40 کەس کوژران و بریندار بوون.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام رژێمی سووریا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و کۆکوژ لە دژی هاووڵاتییان، تۆمەتبار دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
