وەزیری ئاینیی جەزائیر هۆشداریی دەداتە شیعە و ئیخوان موسلیمین

 وەزیری ئاینیی جەزائیر هۆشداریی دەداتە شیعە و ئیخوان موسلیمین
وەزیری ئاینیی جەزائیر هۆشداریی دەداتە پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە و رەوتی ئیخوان موسلیمینی جیهانی.

رۆژی چوارشەممە 4/4/2018، محەمەد عیسا، وەزیری ئاینیی جەزائیر بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، تایفە شیعییەکان هەوڵی پارچە پارچەکردنی ئەو وڵاتە بۆ چەند دەوڵەتۆچکەیەکی تایفی دەدەن، هەروەک لە عێراق و یەمەن ئەنجامی دەدەن.

محەمەد عیسا هەروەها رایگەیاندووە، حکوومەتی جەزائیر هەرگیز رێگا نادات شیعەگەرایی و رەوتی ئیجوان موسلیمین لە وڵاتەکەیدا بڵاو بێتەوە، ”ئێمە خاوەنی مەزهەبی یەکگرتووی خۆمانین، کە مەزهەبی مالیکیی سوننەیە“.

وەزیری ئاینیی جەزائیر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ”زۆربەی مەزهەب و تایفە ئیسلامییەکان“ هەوڵ دەدەن ئاوەگێڕی لە جەزائیر دروست بکەن و دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی جەزائیریش ”ئامادەیە بۆ راگرتنی هەژموونی شیعە“.

پێشتر لە کۆتایی ساڵی 2017، محەمەد عیسا رایگەیاندبوو، کە 400 کەسی شیعەیان دەستگیر کردووە، دوای گەڕانەوەیان لە عێراق، کە سەردانی مەزارە پیرۆزەکانی شیعەیان لە کەربەلا و نەجەف کردبوو.

شیعە یەکێکە لە مەزهەبەکانی ئایینیی ئیسلام و پەیڕەوانی ئەو مەزهەبە خۆیان وەک شوێنکەوتی بنەماڵەی پێغەمبەری ئیسلام بە تایبەت عەلی کوڕی ئەبو تاڵیبی ئامۆزا و زاوای پێغەمبەری ئیسلام، دادەنێن.

رەوتی ئیخوان موسلیمین رەوتێکی ئیسلامیی سوننەیە. لە ساڵی 1928 لەلایەن حەسەن بەنای زانای ئاینیی یسری دامەزراوە. لە وڵاتانی رووسیا، کازاخستان، میسر، سعودیە و ئیمارات وەک رەوتێکی تیرۆریستی، پێناسە کراوە.









باسنيوز
Top