کۆبوونەوەی لوتکەی رووسیا و تورکیا و ئێران بەڕێوە دەچێت
رۆژی سێشەممە 3/4/2018، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیای فیدڕال و حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بە مەبەستی تاوتوێکی کردنی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە فەرمی سەردانی تورکیایان کرد.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 4/4/2018، هەرسێ سەرۆک ڤلادیمێر پوتین، حەسەن رۆحانی و رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتەکانیان، ئەنجام بدەن.
لە کۆبوونەوەکەدا، پوتین، ئەردۆغان و رۆحانی باسی داهاتووی سووریا و رێگاکانی کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە بە رۆژئاوای کوردستانیشەوە، دەکەن.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، تورکیا پشتگیریی خۆی بۆ بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن راگەیاندووە و داوای لەسەرکار لاچوونی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا دەکات و هەردوو وڵاتی ئێران و رووسیاش بە ناردنی چەک و چەکدار، پشتگیریی رژێمی سووریا دەکەن.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
