ئەمریکا: داگیرکردنی عەفرین شەڕ لە دژی داعشی سست کردووە

 ئەمریکا: داگیرکردنی عەفرین شەڕ لە دژی داعشی سست کردووە
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، ئۆپەراسیۆنی دژی عەفرین و داگیرکردنی ئەو شارە لەلایەن تورکیاوە، شەڕ لەدژی داعشی سست کردووە و هاوکات داواش لە عێراق دەکات دەستبەرداری میلیشیاکان بێت.



جۆزیف ڤۆتێڵ، فەرماندەی ناوەندی هیزەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند: "ئۆپەراسیۆن و هێرش بۆ سەر عەفرین کە تورکیا ئەنجامی داوە، شەڕی داعشی لە سووریا سست کردووە، گوتیشی ئەمریکا لە سووریا سەرکەوتنی گەورەی مسۆگەر کردووە.



ئاماژەی بەوەش کرد: "هەرچەندە داعش لە هەوڵی ئەوە دایە بەهێز ببێتەوە، بەڵام ئەمریکا ڕێگە بەو کارە نادات، چونکە دەزانین بارودۆخی سووریا لەوە زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت".



جۆزێڤ ڤۆتێل ڕاشی گەیاند: "یەپەگە لە شەڕ لەدژی داعشدا هاوبەشی سەرەکیمانە و لەلایەکی دیکەشەوە وەزرەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕای گەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە سووریا لەدژی داعش بەردەوام دەبن، چونکە شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە".



لێدوانی ئەو فەرماندە سەربازییە و هاوکات وەزارەتی دەرەوە لە کاتێک دان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا)، رۆژی سێشەممە 3/4/2018 رایگەیاندووە، "دەمەوێ هێزەکانمان بگەڕێنمەوە، دەمەوێ دووبارە میللەتی ئەمریکی بونیاد بنێمەوە".



دۆناڵد ترەمپ هەروەها رای گەیاندووە: "ئەرکی سەرەکیی ئێمە کۆتایی هێنان بوو بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا، ئێستاش نزیکەی هەموو ئەرکەکانمان تەواو بووە و بە زووترین کات بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانمان لە سووریا دەدەین".



باسنیوز
Top