رووسیا دیپلۆماتکارانی رۆژئاوا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە دەکات
لە کۆبوونەوەکەدا، کە رۆژی هەینی 30/3/2018 ئەنجام درا، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رێکار و شێوازەکانی وڵاتەکەیان بۆ وەڵامدانەوەی دەرکردنی باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی رووسیا لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، بە دیپلۆماتکارە رۆژئاواییەکان، راگەیاندووە.
بەپێی هەواڵی میدیا رووسییەکان، باڵیۆزانی وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، لاتیڤیا، لیتوانیا، پۆڵەندا، چیک، سلۆڤاکیا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا، ئامادەی کۆ بوونەوەکە بوون.
هەر لە رۆژی هەینیدا، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڕیاری دوورخستنەوەی دوو دیپلۆماتکاری هۆڵەندی دا، وەک وەڵامێک بۆ دەرکردنی دوو دیپلۆماتکاری رووسی لە هۆڵەندا.
رۆژی دووشەممە 26/3/2018، 23 وڵات، کە ئەمریکا و کەنەدا و 16 وڵاتی ئەوروپی لەناویان دان، بڕیاریان دا دیپلۆماتکارە رووسییەکانیان لەسەر خاکی وڵاتەکانیان دەربکەن و بەمەش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ رووسیا، پچڕاند.
ئەو کاردانەوە توندە دژی رووسیا بەهۆی هەوڵی کوشتنی سێرگی سکریپاڵ، سیخوڕی رووسییە، کە بۆ بەرژەوەندەیی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا کاری کردووە و بەریتانیا رووسیا بە کوشتنی ئەو سیخوڕە تۆمەتبار دەکات و رووسیاش رەتی دەکاتەوە.
پێشتر تێرێزا مەی هەروەها رایگەیاندبوو، کە ئینگلتەڕا بەشداریی جامی جیهانی (مۆندیال)ی 2018ـی رووسیا ناکات، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی 2018 ئەنجام بدرێت.
سێرگی سکریپاڵ ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی رووسیا بوو. کاری بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا دەکرد و دواتر ئاشکرا بوو و دەستگیر کرا. لە ساڵی 2010 لە میانەی گۆڕینەوەی سیخوڕە دەستگیرکراوەکان، ئازاد کرا و نێردرایە بەریتانیا.
رۆژی 4/3/2018، لاشەی سێرگی سکریپاڵ و کچەکەی بەبێ هۆشی لە شەقامێکی شاری سالیزبوری لە باشووری بەریتانیا دۆزرایەوە. حکوومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، کە ئەو بە گازێکی کیمیاوی هێرشی کراوەتە سەر. بەپێی دوایین زانیاریش، تا ئێستا لە حاڵەتی بێ هۆشی دایە، بەڵام یولیای کچی، کە تەمەنی 33 ساڵە، بە هۆش خۆی هاتووەتەوە.
باسنیوز
