سعوودیە: ئێران لە ناوچەکە پاڵپشتیی تیرۆریزم دەکات
باڵیۆزی سعوودیە لە چەند تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەک و تەقەمەنی و مووشەک بۆ حووسییەکانی یەمەن دابین دەکات و ئەمکارە، پێشێلکاریی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە".
لە درێژەدا نووسیویە: "دۆسیەی تاران پڕە لە مەرگ و وێرانکاری. ئەوان لە تەقینەوەکانی سالی 1996 لە بووئینس ئایرس (پایتەختی ئەرجەنتین) و تەقینەوەکانی ڕیاز لە ساڵی 2003 دەستیان هەیە".
خالید بێن سەلمان لە تویتێکی دیکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئێران هەوڵی دا باڵیۆزی پێشووی سعوودیە لە واشنتۆن تیرۆر بکات. ئەوان ڕەفیق حەریری سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنانیان تیرۆر کرد. دژبەرانی سیاسیی خۆیان لە پەیتەختی وڵاتانی ئەورووپی تیرۆر کردووە. پشتیوانی لە میلیشیا تیرۆریستییەکان دەکەن و چەک و تەقەمەنیی مەترسیداریان بۆ دابین دەکات".
ئەم هەڵوێستەی باڵیۆزی سعوودیە لە ئەمریکا لە کاتێک دایە کە دوێنێ لەلایەن میلیشیا حووسییەکانی یەمەنەوە حەوت مووشەکیان ئاراستەی ڕیاز کرد، کە سعوودیە ڕای دەگەیەنێت ئەو کارانە بە دنە و هاندانی ئێران دەکرێن و لە اموەی دوو مانگی ڕابردوودا ئەمە سێیەمین حاڵەتی مووشەک و ڕۆکێتبارانە کە لەلایەن میلیشیا شیعە حووسییەکانەوە بەرانبەر بە سعوودیە ئەنجام دەدرێت و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایی ئەمریکا، سعوودیە و وڵاتانی ئەورووپی و لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی زۆر ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە.
باسنيوز
