چوارەمین مانۆڕی هاوبەشی سەربازیی سعوودیە و ئەمریکا دەستی پێکرد

 چوارەمین مانۆڕی هاوبەشی سەربازیی سعوودیە و ئەمریکا دەستی پێکرد
چوارەمین مانۆڕی هاوبەشی سەربازیی هێزە زەوینییەکانی سعوودیە و سوپای ئەمریکا لەژێر ناوی (دۆستایەتیی 2018) دوێنێ یەکشەممە لە باکووری سعوودیە دەستی پێکرد.



بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە عەرەبییەکان، ئەو ئۆپەراسیۆنە و مەشق و ڕاهێنانە بۆ ماوەی چەند هەفتە دەخایەنێت و بە مەبەستی بەرەوپێشبردن و پەردەدان بە پەیوەندیی سەربازیی نێوان دوو وڵات، هاوئاهەنگیی هاوبەش و دانانی پلان بۆ یەکە سەربازییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و کۆنترۆڵی مەیدانی شەڕ بە شێوازی کلاسیک و ناکلاسیک ساز کراوە.



ماڵپەڕی فەرمایی (واس)، زمانحاڵی سعوودیە لەمبارەوە لەزاری "ساڵح بێن ئەحمەد ئەلزەهرانی" جێگری فەرماندەی ناوچەی باکووری سوپای سعوودیەوە بڵاوی کردووەتەوە: "ئەم ئۆپراسیۆنە، یەکێک لە گرنگترین ئۆپەراسیۆنەکان کە فەرماندەیی هێزی زەوینیی سوپای سعوودیە گرنگییەکی تایبەتی پێ داوە و هەموو ساڵێکیش بە شێوەی ڕێکوپێک و بە هاوبەش بەڕێوە دەچێت".



باسی لەوەش کردووە ئامانج لەو مانۆڕ و مەشق ڕاهێنانە سەربازییانە، بردنەسەری ئامادەیی و دەرخستنی توانایی سەربازی و ڕەزمیی یەکەکانی هێزی زەوینیی سوپای سعوودیە و بەکارهێنانی تەکنیکی نوێی سەربازییە.



هاوکات لیوا کریستۆفەر هوول، فەرماندەی فەوجی تانکی سوپای ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕای گەیاندووە، ئۆپەراسیۆنی دۆستایەتیی 2018 نێوان ئەمریکا و سعوودیە لەلامان زۆر گرنگە و ئامانج لێی بردنە سەری ئاستی سەربازی هاوئاهەنگیی زیاترە بۆ ئۆپراسیۆنی هاوبەش و کۆنترۆڵی شەڕە.



ناوچەی باکووری سعوودیە کە ناوەندەکەی "عەرعەر"ە هاوسنووری عێراقە کە پانتاییەکەی 127 کیلۆمەتریی چوار گۆشەیە و 320 هەزار کەسی دانیشتووی هەیە.





باسنیوز
Top