فۆکۆیاما: ئێران لە ناوخۆیدا بەرەو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەچێت

 فۆکۆیاما: ئێران لە ناوخۆیدا بەرەو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەچێت
فۆکۆ یاما بیرمەند و تیۆری‌داڕێژی ناسراوی ژاپنی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، کۆمەڵگەی ئێران بەهۆی جیاوازی لە نێوان نەوە و توێژەکانی ئەو وڵاتە و جیاوازی بیروڕا، ڕووبەڕووی قەیران و تەقینەوەیەکی مەزنی ناوخۆیی دەبێتەوە.

لە کۆڕبەندی جیهانیی حکوومەت (World Government Summit) کە هەر ساڵە لە مانگی فێڤریوەری لە ئیمارات و لە شاری دۆبەی بەڕێوە دەچێت، لە کۆڕی ئەمساڵدا 140 کەسایەتیی ناسراوی جیهانی قسەیان کرد و زیاتر لە 4 هەزار کەسیش تێیدا بەشدار بوون، فۆکۆیاما بیرمەند و تیۆری‌داڕێژی تەمەن 65 ساڵ کە مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی "ستنفۆرد"ە و نووسەری کتێبی گرنگی "کۆتایی مێژووە" یەکێک لە گوتاربێژانی ئەو کۆڕە بووە و لە بەشێک لە وتارەکەیدا پرژاوەتە سەر پرسی ئێران.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەکانی (عەرەب‌نیوز و ئەلعەرەبییە نێت)، فۆکۆیاما لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە ڕووداو و ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران کرد و ڕای گەیاند: "کۆمەڵگەی ئێران لەبەردەم گۆڕان دایە و بەهۆی ململانێیە توندە کۆمەڵایەتییەکان کە لە نێوان توێژ و نەوە جیاجیاکانی کۆمەلگەی ئێران لە ئارا دایە، ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ دەبێتەوە و بەرەو ئەو ئاقرە دەچێت لە ناوخۆیدا بتەقێتەوە".

ئەو بیرمەندە و ئەندامە باڵایەی توێژینگەی "ڕەند" جیهانییە ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ئێران شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لەناو توێژە جیاجیاکان خەریکە پەرە دەستێنێت، توێژێکی بەرچاوی خوێندەوار و بەتایبەت لەناو ژنان لە ئێران هەیە کە لەگەڵ بیر و ئەندێشەی پێکهاتەی کۆنەپارێزی دەسەڵاتی ئێران لە ناتەبایی دان. کۆمەڵگەی ئێران بەرەو جۆرێک لە تەقێنەوەی ناوخۆیی دەچێت پێش، لەوە دڵنیا نیم ئەنجامەکەی چۆن دەبێت، بەڵام دۆخی ئێستای ئێران دۆخێکی سەقامگیر نییە."









باسنيوز
Top