50 ژن و پیاو لە ئاهەنگێکی شەوانە لە تاران دەستگیر کران
ماڵپەڕی "میهر"ی سەر بە سوپای پاسداران لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە: "شەوی هەینی پاش وەرگرتنی زانیاری لە یەکێک لە ماڵەکان لە ناوچەی لەواسانی تاران، توندراوە 50 ژن و مێرد لە ئاهەنگێکی شەوانەدا دەستگیر بکەن کە سەرقاڵی سەما و شادی بوون".
بەپێی هەمان سەرچاوە، لەو ڕووداوەدا 400 بتڵ خواردنەوەی کحوولی دەستی بەسەردا گیراوە.
چوونە سەر ماڵان و دەستێوەردانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ژیانی تاکەکەسیی خەڵک، بەبێ مۆڵەتی یاسایی یەک لەو پرسانەیە کە بووەتە هۆی ئەوەی ڕەخنەیەکی زۆر ڕووبەڕووی دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێران ببێتەوە.
بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاهەنگی شەوانە و سەمای ژن و پیاوان قەدەغە و نایاساییە و لێپێچینەوەی یاسایی بەدواوەیەوە.
ساڵانە بە سەدان عاڵەتی دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی خەڵک لەو جۆرە ئاهەنگانە لە شارە گەورەکانی ئێران ڕوو دەدات.
باسنيوز
