کیم جۆنگ ئون هاوکاریی بەشار ئەسەد دەکات
بەپێی هەواڵێکی (BBC)، پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکیان ئامادە کردووە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆریای باکوور، کە کیم جۆنگ ئون سەرۆکایەتی دەکات، چەندین کەلوپەلی بیناسازی بۆ رژێمی سووریا ناردووە.
لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، کە ئەو کەلوپەلانە بەرگەی ترشەمەنییەکان دەگرن و دەکرێ لە دروستکردنی چەکی کیمیاوی بەکار بهێندرێن لەلایەن رژێمی سووریاوە، کە بەشار ئەسەد سەرۆکایەتیی دەکات.
هەروەها رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) بەشێکی ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا ئەوە خراوەتە روو، پسپۆڕانی کۆریای باکوور بۆ دروستکردنی مووشەک، لە کارگە سەربازییەکانی سەر بە رژێمی سووریا، بینراون.
ئەو کەلوپەلانە بەڕێگای نایاسایی لە کۆریای باکوورەوە گەیەندراونەتە سووریا و رژێمی سووریاش ئەو کەلوپەلانەی لە دروستکردنی کارگەی دروستکردنی چەکی کیمیاوی، بەکار هێناوە.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن، کە رژێمی سووریا لە ناوچەکانی خان شەیخون لە پارێزگای ئیدلیب و غوتەی رۆژهەڵات لە پارێزگای دیمەشق چەکی کیمیاوی لە دژی هاووڵاتییان و گرووپە چەکدارییە ئۆپۆزیسیۆنییەکان، بەکار هێناوە.
رژێمی کۆریای باکوور بەهۆی پەرەپێدانی بەرنامەی چەکە ناوەکی و مووشەکە بالیستییەکانی، چەندین سزا و گەمارۆی ئابووری، سیاسی، دیپلۆماسیی و سەربازیی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە، بەسەردا سەپێندراوە.
باسنیوز
