سوپاى توركيا ئامارێكى نوێى زيانه‌كانى راگه‌ياند

سوپاى توركيا ئامارێكى نوێى زيانه‌كانى راگه‌ياند
هێرشى سوپاى توركيا و ميليشيا هاوپه‌يمانه‌كانى بۆ سه‌ر عه‌فرين بۆ 37ه‌مين رۆژ له‌سه‌ر يه‌ك درێژه‌ى هه‌يه‌ و ئه‌مڕۆ سوپاى توركيا رايگه‌ياند، "له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ئه‌مڕۆ دوو هه‌زار و 18 "تيرۆريست" له‌ناو براوون".

ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ره‌سمى توركيا، ئه‌نادۆڵ، بڵاويكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ سوپای توركیا رایگه‌یاند، "له‌ سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنی چڵه‌ زه‌یتونه‌وه‌ تا ئێستا، دووهەزارو 18 "تیرۆريست" له‌ ناوبراون".

به‌ پێی راگه‌یه‌نراوێكی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ركانی سوپای توركیا، "ئۆپه‌راسیۆنی ئاسمانی و زه‌مینی بۆ له‌ناوبردنی تیرۆريستانی په‌كه‌كه‌، كه‌جه‌كه، په‌یه‌ده‌، یه‌په‌گه‌ و داعش به‌رده‌وامه"‌.

له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ى سوپاى توركيادا هيچ ئاماژه‌يه‌ك به‌ ژماره‌ى كوژراو و بريندارانى سوپاى توركيا و هاوپه‌يمانه‌كانى نه‌كراوه‌.

ئه‌و ئامارانه‌ى له‌ لايه‌ن سوپاى توركياوه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، له‌ لايه‌ن يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه‌) و هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده‌) ره‌تده‌كرێنه‌وه‌.

تا ئێستا هيچ ناوه‌ندێكى بێ لايه‌ن ژماره‌ى زيانه‌ گيانى و ماڵييه‌كانى شه‌ڕى عه‌فرينى رانه‌گه‌ياندووه‌.

هێرشى سوپاى توركيا و ميليشيا ئيسلامييه‌كانى هاوپه‌يمانى ئه‌نقه‌ره‌، بۆ سه‌ر كانتۆنى عه‌فرين، له‌ 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018 ه‌وه‌ ده‌ستيپێكردووه‌ و تا ئێستا به‌رده‌وامه‌.
k24 -
Top