هەواڵگریی ئیسرائیل: لە رۆژی سەربەخۆییدا ئەمریکا باشترین دیاری دەداتە ئیسرائیل
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (رۆیتەرز)، ئیسرائیل کاتس، وەزیری هەواڵگریی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەمریکا رۆژی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی خۆی لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم (قودس) دیاری کردووە.
هەروەها نیکی هالێی، نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، ئیدارەی وڵاتەکەی لە تەواوکردنی پرۆژە پێشنیازێک بۆ ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین نزیک بووەتەوە، کە ”فەلەستین و ئیسرائیل بە تەواوی پێی دڵخۆش نابن و بە تەواویش رەتی ناکەنەوە“.
ئیسرائیل کاتس لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، ئەمریکا لە رۆژی 14/5/2018 (یادی 70 ساڵەی دامەزراندنی ئیسرائیل)دا، باڵیۆزخانەی خۆی دەگوازێتەوە ئۆرشەلیم و ئەوەش ”باشترین دیاری“ی ئەمریکا دەبێت بۆ ئیسرائیل.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 6/12/2017، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم دەرکرد و تێیدا شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند.
باسنیوز
