کیوی چەوری جگەر کەمدەکاتەوە
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی کۆلۆرادۆی ئەنجامدراوە و لە جۆرناڵی زانستی (Hepatology Communications) بڵاوبووەتەوە.
بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکە، توێژەرەکان ماددەی (Pyrroloquinoline quinone) یان بە گرووپێک لە مشکی تاقیگە دا کە ژەمی چەوریان پیدەدرا و لە داهاتوو پشکنین بۆ نەوەکانیان دەکرا. ئەو ماددەیە لە کیویدا بە چڕییەکی بەرچاو هەیە.
جگە لە کیوی، ماددەکە لە جەند خۆراکێکی دیکەدا هەیە، وەکوو کەرەوز، مەعدەنووس، بیبەری سەوز و شیری دایک. ئەو ماددەیە دژە ئۆکسێنە و ئەو رەگەزە زیانبەخشانە ناکارا دەکات کە زیان لە ترشە ناووکییەکانی خانەکان دەدەن.
ئەو دایکانەی ئەو ماددەیە دەخۆن، بەهۆی شیری خۆیانەوە بۆ منداڵەکانیانی دەگوێزنەوە و سەرەنجام منداڵەکە کەمتر تووشی کۆبوونەوەی چەوری لە جگەر (ناکحولی) دەبێ.
تیمی توێژینەوەکە دەڵێن ئەو دایکە شیردەرانەی دەیانەوێ منداڵەکانیان لە چەوریی جگەر (ناکحولی) دووربن، دەبێ ئەو خۆراکانە زۆر بخۆن کە بە ماددەی (Pyrroloquinoline quinone) دەوڵەمەندن.
کۆبوونەوەی چەوریی لە جگەردا زۆرتر تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە کێشی لەشیان زۆرە، هەروەها تووشبووانی شەکرە و بەرزیی کۆلیسترۆڵی خوێن.
ئەگەر چارەسەر نەکرێ، ئەوە کۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا دوورنییە ببێتەهۆی ریشاڵبوون و پەککەوتن و شێرپەنجەی جگەر.
RUDAW -
