چوار گەنجی كوردی ئێزدی دەبردرێنە سوێد

چوار گەنجی كوردی ئێزدی دەبردرێنە سوێد
شەیما و عادل، لەگەڵ دوو كچی دیكەی كوردی ئێزدی هێندە نابێت لە رێگەی رێكخراوێكی كوردی – سوێدییەوە گەیشتوونەتە سوێد، ئەوان لە خانەیەكی پاراستنن لە باكووری ستۆكهۆڵم. ئەو چوار گەنجە هیچ شتێك لەبارەی چارەنووسی خێزانەكانیان نازانن كە لە دوای پەلاماری داعشەوە لێكدابڕاون.

بەهۆی تەواونەبوونی پرۆسەی وەرگرتن و هەستیاریی كەیسەكەیان، لەسەر داوای بەرپرسی كەیسەكان، ناوی رێكخراو و ناوی راستەقینەی ئەو چوار گەنجە ئێزدییە لەلای (رووداو) پارێزراوە كە هەفتەی رابردوو گەیەندرانە سوێد و ئێستا لە خانەیەك پارێزراون.

شەیما كە گەورەترینی ئەو چوار كەسەیە و تەمەنی 21 ساڵە، تراژیدیای ئەو ماوەیە دەگێڕێتەوە كە لە گرتووخانەكانی داعش و لە ماڵی ئەمیرەكاندا بەسەری بردووە. زۆر لە دیمەنەكانی ئەو ماوەیە و وێنەی ئەو پیاوانەی لە مۆبایلەكەیدا پاراستووە كە وەك كەنیزەك مامەڵەیان لەگەڵ كردووە.

روان بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دوو لەو كچانە رزگار كراوە، ئەوی دیكەشیان عادلی 15 ساڵانە كە خۆی نازانێ ناوی راستەقینەی چی بووە، لەلایەن گرووپێكی حەشدی شەعبی رزگاركراوە و هیچ یەكێك لە ئەندامانی رێكخراوەكە و خۆیشی ئەوەیان باس نەكرد كە چۆن بەدەستی ئەو گرووپە گەیشتووە. تەنیا ئەوە نەبێت كە رێكخراوێكی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان هاوكار بوون.

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) ئەمە سێیەمین گرووپی گەنجی كوردی ئێزدییە كە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا گەیەندراونەتە سوێد.

لینا سترومبێری، چالاكڤان و سەرپەرشتیاری یەكێك لەو گرووپانە دەڵێت: "شیاندنەوەی ئەوان لەگەڵ كۆمەڵگە و ژیانی ئاسایی كارێكی قورس و پرۆسەیەكی درێژخایەنە".

لەبارەی ژیانی عادل و ئەو كوڕانەی لە گرووپەكانی پێشوو هەبوون، سترومبێری دەڵێت: "گەنجی وایان تێدابوو بەزۆر خەڵكیان پێ كوشتووە، زۆربەیان كاری دڕندانە و نامرۆڤانەی گرووپە توندڕەوەكانیان بینیوە، لە كوشتن، سەربڕین، سووتاندن و برسیكردن، بۆیە سڕینەوەی ئەو دیمەنانە لەبەرچاویان ئاسان نییە".

بیرەوەرییە تاڵەكان

تەنیا رێگە بە شەیما و عادل درا بۆ (رووداو) بدوێن كە جگە لە دەردەسەری و ژیانێكی پڕ نەهامەتی، هیچ شتێك لە یادەوەرییاندا نییە.

شەیما وردەكاری ئەو رۆژەی لەبیرە كە چەكدارەكان گەیشتنە نێو شنگال "ئەوكاتە من لە دەرەوە بووم و زۆریش دوور بووم لەماڵ، نەمدەزانی بەرەو كوێ رابكەم، هەرچۆنێك بوو خۆم گەیاندە ماڵەوە، بەڵام كەس لەو گەڕەكە نەمابوو، ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە نزیك دەرگاكەمان وەستا و ئەوەندەم زانی زەبرێك بەر سەرم كەوت و رایانكێشام، ئاگام لەخۆم نەما".

شەیما كاتێك هۆشی هاتووەتەوە، خۆی لە پشتی پێكابێكدا بینیوە. دواتر لەگەڵ ژمارەیەك كوردی دیكەی ئێزدی خراونەتە نێو قوتابخانەیەك، پاشان 25 كچی وەكو ئەویان جیاكردووەتەوە و بە تەنیا لە ژوورێكیان داناون.

شەیما لەگەڵ كچەكان سەرەتا براوەتە مووسڵ، پاشان رەققە. وەك خۆی دەڵێت لەو ماوەیەی لەلایەن داعشەوە رفێندراوە، بە زیاتر لە 10 چەكداری داعش فرۆشراوە و وەكو كەنیزەك مامەڵەی لەگەڵ كراوە. دوایینجاریش خۆی لەلای چەكدارێكی چیچانی بینیوەتەوە كە ناسناوەكەی ئەبوعوسمان بووە، بەهۆی ئەویشەوە هەندێك چیچانی و رووسی فێر بووە.

شەیما دەڵێت: "ئەبوعوسمان كەسێكی بێ ئەندازە زاڵم بوو، بەڵام لەگەڵ من زۆر خراپ نەبوو، ئەگەرچی هاوشێوەی ئەوانی دیكە دەستدرێژی دەكردە سەرم، بەڵام هەندێكجار موراعاتی دەكردم".

شەیما تا ئەو كاتە لەلای چەكدارە چیچانییەكە ماوەتەوە كە بەر هێرشێكی ئاسمانیی هاوپەیمانان كەوتووە. دەڵێت "ئەبو عوسمان ئەمیر بوو، كەمتر راستەوخۆ دەچووە بەرەكانی جەنگ، بەڵام رۆژێكیان رۆیشت و نەگەڕایەوە، دواتر هاتن من و دوو كەسی دیكەش كە لە ماڵەكەی بووین، بردیانین".

شەیما وەكو زۆر ئافرەت و منداڵی دیكەی دەستی داعش بە پارە ئازادكراوە و تاوەكو گەیشتووەتەوە كوردستان چەند جارێك كڕین و فرۆشتنی پێوەكراوە. ئەو دەڵێت "بە تەواوی ئاگادار بووم مامەڵەمان پێوە دەكرا، رۆژ هەبوو خەریك بوو دەخنكام لە تینوواندا، لەبەر ناكۆكی لەسەر بڕی پارەكە تەنانەت نەیاندەهێشت لە ژوورەوە بێمە دەرەوە".

عادل نازانێ خۆی كێیە و لە چ خێزانێكە، تەنیا ئەوەندە نەبێت كە ئێزدییە. عادل بە عەرەبییەكی سووریی تەواو قسە دەكات و كەمێك رووسی و ئینگلیزیش فێر بووە.

ئەو لەو ماوەیەی كە لەلای داعش بووە، لەگەڵ نزیكەی 100 گەنجی دیكە مەشق و راهێنانی قورسی پێكراوە.

بەبڕوای سترومبێری، پرۆسەی شیاندنەوەی كەسانی وەكو عادل كارێكی قورسە، بەڵام زۆر گرنگە. گوتیشی "ئەگەر راستیتان دەوێت، هەموو خەڵكی مووسڵ و رەققە پێویستیان بەم پرۆسەیە هەیە. بەتایبەت منداڵەكان كە دەبێ دووربخرێنەوە لە هزری توندوتیژی".

ئەو گرووپەی ئەم كارەیان كردووە لە چەند گەنجێكی كورد و سوێدی پێكهاتوون كە وەك سترومبێری دەڵێت، تا ئێستا 11 كچ و پێنج كوڕی ئێزدییان رزگار كردووە و ئێستا لە سوێد دەژین.
RUDAW -
Top