یونسێف بەیاننامەیەک لەبارەی رەوشی منداڵانی عەفرین بڵاو دەکاتەوە

 یونسێف بەیاننامەیەک لەبارەی رەوشی منداڵانی عەفرین بڵاو دەکاتەوە
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونسێف) بەیاننامەیەک لەبارەی رەوشی منداڵانی شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، بڵاو دەکاتەوە.



بەپێی بەیاننامەکە، لە ماوەی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین، کە لە رۆژی 20/1/2018 بە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی و زەمینی و چەکدارانی سوپای سووریای ئازاد دەستی پێ کردووە، ”لانی کەم 11 منداڵ گیانیان لەدەست داوە و “دەیانی دیکەش“ بریندار بوون.



بەیاننامەکەی یونسێف تایبەتە بە پێشێلکارییەکان دژی منداڵان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و تێیدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا.، نۆ منداڵ لە ناوچەکانی خان شەیخون و سەراقب لە پارێزگای ئیدلیب و سێ منداڵیش لە گەڕەکی باب تۆمای دیمەشق، گیانیان لەدەست داوە.



هەروەک رێکخراوەکە رایگەیاندووە، دوو تیمی پزیشکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری حەلەب لە ئامادەباشیدان بۆ هاوکاریکردنی ئەو ژن و منداڵانەی، چاوەڕێ دەکرێ لە عەفرینەوە ئاوارە ببن.




باسنیوز
Top