خەڵکی حەلەب داوای سەقامگیری دەکەن
بە هەزاران تۆن بۆمب و مووشەک، هەوڵدرا، شاری حەلەب، تەختی خاک بکرێت و ژیانی لەناوببرێت، سەربازێکی سوپای سووریاش، وەک خۆی دەڵێت، هەوڵ دەدات، بە فڕاندنی کۆترەکانی، دەروونە خەمبارەکەی خۆی زیندووبکاتەوە.
باسل تەمەن 29 ساڵ، رۆژانە بە کۆنکریت و سەقفە رووخاوەکاندا سەردەکەوێت و لەگەڵ کۆترەکانی یاری گەڕاندنەوەی هیوا بە ژیان دەکەن.
باسل، سەربازی سوپای سووریایە و دەڵێت "من دێمە ئێرە و هەوایەک دەگۆڕم و کاتێكی خۆش بەسەر دەبەم، دەزانی من لە کەسوکارمەوە دوورم و لەدوای تەواوبوونی ئەرکە سەربازییەکەم رۆژانە دێمە ئێرە، دادەنیشم و تەماشای کۆترەکان دەکەم".
رامووسە لە مانگی ئابی ساڵی 2016ـدا، کەوتەژێر شەڕی قورس و بۆردوومانی سەختی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا دژ بە چەکدرانی ئۆپەزیسیۆن کە بۆ ماوەیەکی زۆر کۆنترۆڵی بەشێکی بەرچاوی حەلەبیان دەکرد.
باسل، هیوای هەیە دوای وێرانبوونی زۆربەی حەلەب و شارەکانی دیکەی سووریا، جارێکی دیکە دروستبکرێنەوە و دەشڵێت "ئێستا بێگومان دەبێت هەموو سووریا درووستبکرێتەوە، نەک تەنها حەلەب، ئەو وێرانکارییەی کە لەبەردەمتدا دەیبینیت، پشت بەخودا دروستدەکرێتەوە".
شاری حەلەب بە دووەم گەورەترین شاری سووریا دادەنرێت و بۆماوەی دەیان ساڵ بە پایتەختی بازرگانی و پیشەسازی ئەو وڵاتە ناسراو بوو.
لەمانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2016، سوپای سووریا بە هاوکاری چڕ و بێسنووری فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا، شاری حەلەبی کۆنترۆڵکردەوە.
rudaw -
